رۆحانی: گەڵاڵەی نوێی ئەمریکییەکان لەدژ سووریا، بەپێچەوانەی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکانە
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای شەرمەزار کردنی ئامادەبوونی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا، وتی: گەڵاڵەی ئەمریکییەکان بەپێچەوانەی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پیلانێکە لەدژ یەکپارچەیی خاک، ئاسایشی سووریاو ناوچەکە.
پاش شکست هێنانی گرووپی ڕەشەکوژی داعش لە عێراق و سووریا، ئەمریکا ڕایگەیاندووە، بەهاوکاری گرووپ و باڵە کوردییەکانی سووری بەنیازە هێزێکی نوێ لە سووریا پێک بێنێ.
حەسەن ڕۆحانی ئەمڕۆ سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ حەمودە یوسف سەبباغ سەرۆکی پەرلەمانی سووریا لە تاران بەئاماژە بەوەی کە درێژەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و بەرەوڕووبوونەوەی دەسوەردانە بیانییەکان، پرس و بابەتی گرینگن بۆ گەلی سووریا، وتی: دەبێ هەوڵ بدرێ هەتا ئاوارە سوورییەکان هەرچی زووتر بگەڕێنەوە نیشتمانی خۆیان و ڕەوتی بنیات نانەوە لەو وڵاتە دەس پێ بکرێ.
ڕۆحانی بەئاماژە بەوەی کە حکومەت و گەلی ئێران، هەردەم لەتەنیشت حکومەت و گەلی سووریایە، جەختی کرد لەسەر هەوڵدان لەئاراستەی گەشەپێدان، بەهێزکران و پتەوکرانی پەیوەندیی برادەرانەو هەمەلایەنەی تاران-دەمشق.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ڕەوتی دانوستان و هەوڵە سیاسییەکان لەبارەی سووریا کە لە سووچییەوە دەس پێ بووە، دەبێ هەتا هاتنەدی ماف و دابین کرانی ئیرادەی گەل و حکومەتی سووریا پێوشوێن بگیردرێ و بەردەوام بکرێ.
حەمودە یوسف سەبباغیش لەو چاوپێکەوتنەدا وێڕای پەسندانی یارمەتیی و داکۆکییەکانی حکومەت و گەلی ئێران لە خەڵکی سووریا لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، خوازیاری درێژەی داکۆکی و یارمەتیی تاران لەبنیات نانەوەی سووریا بوو.
سەرۆکی پەرلەمانی سووریا بەئاماژە بە کردەو پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ناوچەو بڕیاری ئەو وڵاتە لەمەڕ ئامادەبوونی هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا، وتی: دەمشق بەفەرمیی داوای کردووە، هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا بچنەدەر و قەت لەگەڵ ئامادەبوونیان لە خاکی سووریادا نییە.
سەرۆکی پەرلەمانی سووریا بۆ بەشداربوون لە سێزدەهەمین کۆبوونەوەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی سەردانی تارانی کردووە.