سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی گەییشتە چین
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە مەبەستی بەشداری لە هەژدەهەمین کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکارییەکانی شانگهای، گەییشتە فڕگەی شاری "چینگ دائۆ" ی چین .
بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، بڕیار وایە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێکخراوەی ھاوکاریی شانگھای لە شاری چینگدائۆی چین وتارێک پێشکەش بکات.
حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەش چاوی بە شی جی پینگ سەرۆک کۆماری چین دەکەوێت و چەند ڕێککەوتننامەی ھاوکاری لە نێوان کاربەدەستانی ئێران و چین واژۆ دەکات.
کۆبوونەوەکانی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای ڕۆژانی نۆهەم و دەیەمی ژوەن لە شاری چینگدائۆ Qingdaoی چین بەڕێوە دەچێ.
ئاسایش، پاوەجێیی ناوچەیی، خەباتی دژ بە تیرۆریزم، جیایی خوازی و توندرەوی و هەروەها پەرە پێدانی هاوکاریی لە تەوەرەکانی باس و وتووێژ لە کۆبوونەوەکانی سەرانی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای دەبێ.
ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای ساڵی ٢٠٠١ بناغەی دانرا. چین، ڕووسیا، کازاخستان، قرقیزستان، تاجیکستان و ئوزبەکستان ئەندامانی هەمیشەیی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهای دێنە ئەژمار. ئێران ئەندامی چاوەدێڕی ڕێکخراوی هاوکاریی شانگهایە.