رۆحانی: گەلی ئێران قەت لەهەمبەر زۆرداری و بێ ڕێزی بەچۆکدانایەت
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوێشەو(سێ شەممە) لەنێو ئێرانیانی دانیشتووی ئۆتریش لە ڤیەن بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە گەلی ئێران قەت لەهەمبەر زۆرداری و بێ ڕێزی پێکران بەچۆکدانایەت، وتی: بەدرێژایی مێژوو هەر دەسدرێژکارێکی سەر مافەکانی گەلی ئێران شکستی هێناوە.
بەپێی ڕاپۆری ماڵپەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری، حەسەن رۆحانی ئاماژەی کردە چوونەدەری نایاسایی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و وتی: بۆ هەمووان ئاشکرایە کە ئێران بەتەواوەتی پێبەندی بەڵێنیەکانی بووەو ئەوە ئەمریکایە کە زۆردارانە لەوبارەوە ڕەفتار دەکاو هەڵبەت ئەو ڕەفتارە زۆردارانە تەنیا لەهەمبەر ئێراندا نییەو ئوروپییەکان، وڵاتانی گرووپی حەوت، چین و وڵاتانی دیکەش دەگرێتەخۆ.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوان ئەنجومەنی ئاسایش، یەکێتی ئورپاو زۆربەی وڵاتان و گەلانی جیهان لەتەنیشت کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستاون ، وتی: ئەو دۆخە، بەرەوڕووبوونەوەی ئەمریکا دژ بەئێران، ئەستەم ودژوارتر دەکاو کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش سوورە لەسەر ئەوەی وەک هەمیشە پیلانگێڕیی ئەمریکییەکان پووچەڵ بکاتەوە چونکە هەڵوێستەکانیان نامەنتقی، نایاسایی، زاڵمانەو بەپێچەوانەی بەڵێنیە نێودەوڵەتی و پەسەندکراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکانە.
رۆحانی وتی: ئەمریکییەکان ئیدیعا دەکەن دەیانەوێ پردەکانی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ جیهان بپچڕێنن، بەڵام قەت ناتوانن بگەنە ئەو ئامانجە.
رۆحانی بەئاماژە بەوەی کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی تائێستا لە یازدە ڕاپۆردا پێبەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پشت ڕاست کردۆتەوە، وتی: ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتان ڕایانگەیاندووە کە پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران دەپارێزن و بەزمان و بەکردەوە، هاوڕەوت نەبوون لەگەڵ کردەی ئەمریکا لەمەڕ چوونەدەر لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئابلۆقەکان.