پەیامی پیرۆزبایی ڕۆحانی لە سەرانی وڵاتانی ئیسلامی بە بۆنەی جەژنی قوربان
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەن پەیامی بەجیادا جەژنی قوربانی لە سەرانی وڵاتانی ئیسلامیی پیرۆزبایی کرد.
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی سێشەممە لەو پەیامانەدا هیوای خواست: هەموو موسڵمانانی جیهان بتوانن ڕێگای نزیک بوونەوە لە کردگار و گەیشتنە لوتکە لە قاپی ئیلاهی بە سەربەرزی بپێون و بە دەرباز بوون لە خودی خۆ و بە کڕنوش بەرامبەر بە مەعبوود، زاڵ بن بە سەر ئەو توند و تیژی، توندڕەوی و زۆربێژییەی بەرۆکی مرۆڤی ئەم سەردەمەی گرتووە و ئاشتی، هێوری، داد و دۆستایەتی لە نێو گەلانی موسڵمان پەرە بستێنێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە دەیەمی زیحەجەی ١٤٣٩ی کۆچی بەرامبەر بە ٢٢ی ئاگوستی ٢٠١٨ جەژنی قوربان یان "عید اضحی" لە جەژنە گەورەکانی موسڵمانانە.
لە جەژنی قورباندا ئەو حاجییانەی کە زیارەتی ماڵی خودایان کردووە بە فەرمانی خواوەند و بۆ دەس خستنی ڕەزامەندیی ئەو قوربانی دەکەن و یاد و بیرەوەریی پێغەمبەری گەورەی ئیلاهی حەزرەتی ئیبراهیم بەرز و زیندوو ڕادەگرن.
خواوەند بۆ تاقی کردنەوەی ئیمان و ئیخلاس ئەو فەرمانبەرێتییەی خستە ئەستۆی حەزرەتی ئیبراهیم (ع) کە کوڕەکەی واتە حەزرەتی ئیسماعیل (ع) لە ڕێگای خودا قوربانی بکات. حەزرەتی ئیبراهیم وێرای دژوار بوونی ئەو فەرمانبەرێتییە ئیلاهییە، ڕازی بوو بە بەجێ هێنانی و خۆی ئامادە کرد بۆ جێبەجێ کردنی، بەڵام هەرچی کرد چەقۆ گەرووی حەزرەتی ئیسماعیلی نەبڕی. هەر لەو کاتەدا بوو کە وەحی کرا بە حەزرەتی ئیبراهیم (ع) کە لەو تاقیکارییە ئیلاهییەدا بە سەربەرزی دەرباز بووە ، پاشان مەڕێک نێردرایە خوارەوە تا ئەو مەڕە لە جیاتی حەزرەتی ئیسماعیل(ع) قوربانی بکات.
ئەم بەسەرهاتە پڕ پەند و ئامۆژگارییە وانەی لە خۆبردوویی، زاڵ بوون بەسەر هەوای نەفس و تەسلیم بوون بەرامبەر بە فەرمانی خودای گەورەیە. هەر لە بەوە ئەوەش موسڵمانانی جیهان ڕێز دەگرن لە ڕۆژی دەیەمی زیحەجە وەکوو جەژنێکی گەورە و بەشکۆی ئیسلامی و وانەی ئیخلاس و عەبدایەتی لێ فێر دەبن.
ڕێکخراوی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش جەژنی قوربان لە هەموو موسڵمانانی جیهان پیرۆزبایی دەکات.