ڕۆحانی: دوژمنان لە دووی نانەوەی شەڕی سایکۆلۆژیک و ئابووریی دژ بە ئێرانن
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی، هاوکات شەڕێکی سایکۆلۆژیک و ئابوورییان دژ بە حکومەت و گەلی ئێران وەڕێ خستووە.
"حەسەن ڕۆحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی سێشەممە لە کۆڕی ئەنجومەنی باڵای ئینقلابی فەرهەنگی بە ئاماژە بە بایکۆتە زاڵمانەکانی ئەمریکا دژ بە گەلی ئێران ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرز کردنەوەی ئاستی وشیاری، هیوا و بەشداریی جەماوەری، خێراتر و کەم کێشەتر لەو قۆناغەی ئیستا دەرباز دەبێ.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ئێران بە ئاماژە بە کولتووریی ئایینی گەلی ئێران جەختی کرد: گەلی ئێران لە هەمبەر پەلاماری کولتورەکانی دیکە و لەوان کولتووری ڕۆژاوایی خۆڕاگر و پارێزراو دەبێ.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها بە پیرۆزبایی کردنی هەفتەی دەوڵەت وتیشی: ئەرکی دەوڵەت خزمەت کردن بە جەماوەرەوە و بەس و لەم قۆناغەدا هەوڵ دەدات کە هەر لە هەمان ڕێبازی شەهیدان ڕەجایی و باهونەر، ئەرکی شۆڕشگێرانە و نیشتمانی خۆی بە ڕێک و پێکی بەجێ دێنێ.
"محەممەد عەلی ڕەجایی سەرۆک کۆمار" و "محەممەد جەواد باهونەر" سەرۆک وەزیرانی ئێران، ساڵی ١٩٨١ لە تەقینەوەیەکی تیرۆریستیدا کە لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی لە لایەن تیرۆریستانی گرووپی مونافقین ڕووی دا شەهید بوون.
بۆ ڕێز گرتن لە یاد و بیرەوەری ئەم شەهیدانە ٢٤ تا ٣٠ ئاگوست (هەفتەی یەکەمی خەرمانان) بە ناوی هەفتەی دەوڵەت" ناودێڕ کراوە.