زۆربەی وڵاتانی جیهان نەیاری سیاسەتی دژە ئێرانیی ئەمریکان
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: ئەمریکا بە زۆربێژی، ملهوڕی و هەڕەشە و گوڕەشە، سیاسەتی دژە ئێرانی خۆی بەردەوام دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "کەماڵ خەڕازی" سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەوی سێشەممە لە کۆبوونەوەی "سیاسەتی دەرەوەیی ئێران لە باروودۆخی هەنووکەدا" کە لە زانکۆی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکانی پکەن بەڕێوە چوو، وتیشی؛ تا ئەو کاتەی گۆڕانکارییەک لە ئامانجەکانی ئەمریکا نەیەتە دی و ئەم ڕژێمە واز لە هەڕەشە و گوڕەشە و ملهوڕی کردن دژ بە گەل و حکومەتی ئێران نەهێنێ، تاران ئامادەی دەسپێکردنی هیچ چەشنە دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا نییە.
خەڕازی جەختی کرد: کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەمریکا وا بانگەشە دەکەن کە هەندێ وڵاتی وەک ئێران، چین، ڕوسیا و تەنانەت هاوپەیمانیە ئەورووپاییەکانی خۆیان مەترسین لە سەر دزە و دەسەڵاتی ئەمریکا لە جیهاندا، هەر بۆیە بە بڕوای ئەوان چالاکی سیاسی و سەربازی و دزە و دەسەڵاتی ناوچەیی وڵاتانی دیکە نابێ پێش بە دزە و دەسەڵاتی ئەمریکا لە جیهان بگرێ.
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتژیکی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران راشکاوانە ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر بۆسەلماندنی نیازپاکی خۆی لەگەڵ پێنج کۆ یەک دانوستانی کرد کە ئەمریکا دەسپێشخەرییەکەی بە ئەستۆوە بوو، کە لە ئاکامدا ڕێککەوتنی ئەتۆمی لێکەوتەوە.
ناوبراو وتیشی: بە پێی بەیاننامەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ، ئێران تا ئێستا پێبەند بووە بە هەموو بەڵێن و ئەستۆگرییەکانی، بەڵام بە گۆڕدرانی دەوڵەت لە ئەمریکا و دەسەڵات گرتنە دەستی ژمارێک توندئاژۆ لە کۆشکی سپی، ئەم وڵاتە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی چوە دەرەوە و بە سەر لە نوێ داسەپاندنەوەی بایکۆتەکان بە سەر ئێران و دیاری کردنی دوادەرفەت، وڵاتانی دیکە بە زۆرەملی پاڵ پێوە دەنێ بۆ ئەوەی ئەوانیش هاوڕێیەتی ئەمریکا بکەن لە وەبن گوشار نانی ئێراندا.
بە وتەی خەڕازی ئەو زۆربێژی و کردەوە نایاساییانەی ئەمریکا کە ئامانجی زەبر دان لە گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە ، بە هیچ لەونێ لای ئێمە قەبووڵ کراو نییە و بەرامبەر بەوە بێدەنگە ناکەین و ئەوە بزانن کە ئێران ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تا بە یارمەتی هاوڕێکانی بەرەنگاری ئەوە ببێتەوە.