ئایەتوڵڵا ئامولیی لاریجانی: ئەمریکا لە سوریا هەڵات
سەرۆکی دەزگەی دادی ئێران بەئاماژە بە کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا، ئەو کردەی بە هەڵاتنی ئەمریکا لێکدایەوە.
بەپێی ڕاپۆری ئاژانسی هەواڵیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، ئایەتوڵڵا سادق ئامولیی لاریجانی سەرۆکی دەزگەی دادی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆڕی بەرپرسانی باڵای دادەوانی وتی: ئەمریکا بە ئیدیعای شکست هێنان بە داعش لەحاڵی چوونەدەر لە سوریایە بەڵام جیهانیان دەزانن سەرکەوتنی خەڵکی سوریاو شکست هێنان بەداعش تەنیا بەهۆی خۆڕاگریی جەماوەر و دەوڵەتی یاسایی ئەو وڵاتەو هەروەها پاڵپشتییەکانی ئێران لە تەوەری خۆڕاگری ئەنجامی گرتووە.
ئایەتوڵڵا ئامولیی لاریجانی، وتی : پشوودرێژی و خۆڕاگریی گەلی سوریا بووتە هۆی کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا.
سەرۆکی دەزگەی دادی ئێران هەروەها بەئاماژە بە لەپێشدابوونی چلەمین ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی وتی: دوژمنانی ئێران و لەسەروویانەوە ئەمریکا، چوار دەیە هەوڵیان دا ئەو نیزامە ئیسلامییە شکست پێ بێنن، بەڵام بێ ئاکام بوون.
ئایەتوڵڵا ئامولیی لاریجانی بەئاماژە بەوەی کە کارتێکەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەدا، حاشاهەڵنەگرە، وتی: "ئەمڕۆ کەس ناتوانێ بە ئێران بڵێت ئەگەر دوو حەوتە پاڵپشتیان نەکەین لەناو دەچن، بەڵام عەرەبستان، ئەمڕۆ بەو جۆرە لەلایەن نزیکترین دۆستانییەوە قسەی لەگەڵدا دەکرێ".
سەرۆکی دەزگەی دادی ئێران پێی داگرت: ئێران سەرباری پیلانگێڕیی دوژمنان هەروا بەهێزتر لەهەرکاتێکی دیکە بەپاڵپشتیی گەلی ژیر وبەئاگای خۆی لەناوچەدا دەدرەوشێتەوەو ئەزموونی خۆڕاگری پێشانی جیهانیان دەدا.