مەرزییەی ھاشمی: ھۆی قۆڵبەست کرانم دوژمنایەتیی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بوو
مەرزییەی ھاشمی پەیامنێرو پێشکەشکاری کەناڵی پرێس تی ڤی ھەر لە سەرەتای گەییشتنی بە فڕگەی ئیمام خومەینی(رە)ی تاران، ڕایگەیاند: ھۆی گیرانی لە ئەمریکا دوژمنایەتیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێران بوو.
مەرزییەی ھاشمی پەیامنێرو پێشکەشکاری کەناڵی پرێس تی ڤی کە لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە گیرا بوو، شەوی پێنج شەممە گەڕایەوە بۆ ئێران و بە شێوەیەکی بەربڵاو لە لایەن خەڵک و بەرپرسان و میدیاکارانەوە لە فڕگەی ئیمام خومەینی(رە)ی تاران، پێشوازیی لێ کرا.
مەرزییەی ھاشمی پاشان لە نێو ئاپۆڕەی پەیامنێران دا وتی: لەپاش گیرانم لە ئەمریکادا بەوەم زانی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندە بۆ دەوڵەتی ئەمریکا گرینگەو ئەوانە نیگەرانی بە چل ساڵ گەییشتنی تەمەنی ئێرانن.
پەیامنێرو پێشکەشکارەکەی کەناڵی پرێس تی ڤی پێی داگرت: گەلی ئێران بە ئاراستەیەکی دروست دا دەڕوات و خوداوەند ئینشائەڵڵا ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بپارێزێت، ئەگەر لە دەرەوەی وڵات بن ئەوسا بایەخی ڕێبەرو وڵات و کۆماری ئیسلامیتان زیاتر لە جاران بۆ دەردەکەوێت.
جێگای ئاماژەیە پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا ١٣ی ژانویە « مەرزییەی ھاشمی» پەیامنێر، دایکیۆمێنت سازو پێشکەشکاری بە ڕەگەزئەمریکیی کەناڵی پرێس تی ڤیی کە بۆ بەسەر کردنەوەی بنەماڵەکەی سەردانی ئەمریکای کرد بوو، بە بێ ھیچ جۆرە تۆمەت و تاوانێک قۆڵبەست کرد.
قۆڵبەست کرانی مەرزییەی ھاشمی و ھەڵس و کەوتی بە پێچەوانەی یاسای کاربەدەستانی ئەمریکی لەگەڵ ئەم ئافرەتە موسڵمانە، کاردانەوەی بەربڵاوی لە ئاستی جیھاندا لێ کەوتەوەو کۆڕوکۆبوونەوەی جۆربەجۆر بە تایبەت لە واشێنگتۆن دا بۆ پشتگری کردن لە پەیامنێرەکەی پرێس تی ڤی بەرپا کرا.
ئەم پەیامنێرەی پرێس تی ڤی سەرەنجام پاش ١١ ڕۆژ قۆڵبەست کرانی لە لایەن پۆلیسی ئەمریکاوە، لە بەر گوشاری میدیایی و بیروڕای گشتیی جیھان ئازاد کرا.
لەم بارەیەوە پەیمان جبللی یاریدەری سەرۆکی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشی دەرەوەی سنوور پێی داگرتووە: ئەمریکا لە بەر گوشارو پاڵەپەستۆی بیروڕای گشتیی ناچار بووە مەرزییەی ھاشمی پێشکەشکاری کەناڵی پرێس تی ڤی ئازاد بکات.