ڕۆحانی: ئێران بەهێزتر لەوەیە کە کەس بتوانێ هەڕەشەی لێ بکات
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی دووشەممە لە دیداری مامۆستایانی ئایینی و بلیمەتانی سوننەی سەرانسەری ئێراندا، جەختی کرد: کۆماری ئیسلامی و گەلی ئێران گەورەتر لەوەن کە کەسێک بتوانێ هەڕەشەیان لێ بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆمارەتی؛ "حەسەن ڕۆحانی" بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە ئەمڕۆکە شایەتی هەڕەشە و گوڕەشەی جۆربەجۆر لە لایەن دوژمنانەوەین، وتی: بە سەربەرزی و سەربەستییەوە و بە شکست پێ هێنانی دوژمنان لەو قۆناغە دژوارە دەرباز دەبین.
ڕۆحانی بە ئاماژە بە بەشداریی چالاکانەی سوننەکان لە هەموو گۆڕەپانەکانی شۆڕشدا وتی: سوننەکانی ئێران لە هەموو گۆرەپانەکاندا بەتایبەت لە بواری هەڵبژاردنەکاندا هەموو هاتوونەتە پێی سنووقەکانی دەنگدانەوە و نوێنەرانیان هەڵبژاردووە.
حەسەن ڕۆحانی وتی: شۆڕشی ئیسلامیی ئێران تایبەت بە هیچ ئایینزایەک نییە و هەموو گەلی ئێران و هەموو ئایین و ئایینزاکان لە گۆڕەپانی شۆڕشدا بەشدارییەکی بەربڵاو و چالاکانەیان هەبووە و هەموو ئەمانە خاوەنی وڵات و شۆڕشن.
سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بەوەی کە پارێزگە سەرسنوورییە سوننەکان لە دەسپێکی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە بەردەوام سنوورەوانانی ئەمەگداری کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، جەختیشی کرد: ئەمڕۆکە ئەوە بە چاوی خۆمان دەبینین کە چۆن شیعە و سوننە لە تەنیشت یەکتری و شان بە شانی یەکتری هەوڵ دەدەن بۆ گەشە پێدان و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان.