رۆحانی: "سەودای سەدە" پیلانگێڕییەکە بۆ لەناوبردنی ئارمانجی فەلەستین
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێی داگرت: "سەودای سەدە" پیلانگێڕییەکە بۆ لەناوبردنی ئارمانجی فەلەستین، پەرەپێدانی داگیرکاریی زایۆنییەکان و دەسدرێژکاریی بۆسەر هەموو وڵاتانی ئیسلامی.
"حەسەن ڕۆحانی" ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکی بۆ سەرانی وڵاتانی ئیسلامیی بەشدار لە دانیشتنی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە شاری مەککەی موکەڕڕەمە، سەرانی وڵاتانی ئیسلامیی بانگهێشت کرد بۆ هەوڵدان بەمەبەستی مانەوەی قودس وەک ڕووگەی یەکەمی موسڵمانان، و وتی: ڕێبەرانی وڵاتانی ئیسلامی ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی پیلانی مەترسیداری "سەودای سەدە" و بەرەڤانی لە فەلەستین.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: وڵاتانی ئیسلامی نابێ ڕێگەبدەن پرسی داگیرکرانی ڕووگەی یەکەمی موسڵمانان لەلایەن رژیمی زایۆنی بخرێتە پەراوێز و یان سەروەریی زایۆنییەکان بەسەر قودسدا بچەسپێندرێ.
رۆحانی، کردەی حکومەتی ئەمریکا لەمەڕ ڕاگەیاندنی بەیتولموقەدەس وەک پایتەختی رژیمی زایۆنی و بەڕەسمییەت ناسینی پەیوەست کرانی بەرزاییەکانی جەولانی سوریا بە سەرزەوینە داگیرکراوەکانی لەوێنەی دوژمنایەتیی ئاشکرای ئەمریکا لەدژ جیهانی ئیسلام ناوبرد و وتی: ئەو کردە، دەسپێکەری ڕەوتێکی مەترسیدار لەدژ جیهانی ئیسلامە کە بەداخەوە لەگەڵ کاردانەوەی شیاوی دەوڵەتانی ئیسلامی بەرەوڕوو نەبووەتەوە.
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی داگرت: داڕێژەرانی پیلانی نگریسی سەودای سەدە هەوڵ دەدەن بەفەوتاندنی مافی ڕەوای گەلی فەلەستین، ئارمانجی فەلەستین بۆهەمیشە بسڕنەوەو بوارخۆش بکەن بۆ زاڵبوونی زایۆنییەکان بەسەر جیهانی ئیسلام و عەرەبدا.
رۆحانی، وڵاتانی ئیسلامیی بانگهێشت کرد بۆ وەلانانی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و وتی: هەر هەوڵ و کردەیەک کە جیهانی ئیسلام لە ئەولەویەتە سەرەکییەکەی واتە فەلەستین بەلاڕێدا ببا، خراوەتە بەردەم ڕەوتی خزمەت کردن بە رژیمی زایۆنی و دوژمنانی دیکەی جیهانی ئیسلام.
ناوبراو هەروەها ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ڕاگەیاند بۆ هاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی جیهانی ئیسلام لەپێناو هاتنەدیی ئامانجی پیرۆزی بەرەڤانیی هەمەلایەنە لە مزگەوتی ئەقساو قودسی پیرۆز.