ڕۆحانی لە وتووێژێکی تەلەفۆنی لەگەڵ میری قەتەر: ئێران بە نیازی دابین کردنی ئاسایشت لە ناوچەکەدایە
سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕایگەیاند: ئێران بە نیازی دابین کردنی ئاسایشت لە ناوچەکەدایەو قەت حەز بە تێکھەڵچوون لەگەڵ وڵاتانی دیکە ناکات.
«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ڕۆژی چوارشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ «شێخ تەمیم بن حەممەد ئالی سانی _ TAMIM bin Hamad Al Thani» میری قەتەر وێڕای پیرۆز کردنی جێژنی ڕەمەزان لە ناوبراو ڕایگەیاند: ئەگەر وڵاتێک کارێکی ناژیرانە دژی ئێران بکات، بێ گومان وەڵامێکی گورچک بڕی دەدەینەوە.
ڕۆحانی وێڕای پێ داگرتن لە سەر ئەمەی کە کێشەو گرفتەکانی ناوچەکە ڕێگاچارەی سەربازیی بۆ نییە، وتیشی: ھەڵوێستی ئێران لە سەردەمی داگیرکرانی کوەیت لە لایەن سەددامی دیکتاتۆری لەنێو چووی ڕژێ می بەعسی عێراق، پەلاماری عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان بۆ سەر یەمەن و گەمارۆدان و بایکۆت کردنی دەوڵەتی قەتەر ئەوە ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ئێران نەیاری شەڕو پاڵەپەستۆو بایکۆتە.
«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی ھەروەھا وێڕای پێداگرتن لە سەر ئەمەی کە سیاسەتی تاران پەرە پێ دانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوحەیە، وتیشی: ھەڵوێستەکانی دەوڵەتی قەتەر لە دانیشتنی ئەنجومەنی ھاوکاریی کەنداوی فارس وکۆمکاری عەرەب لەسەربنەمای مافی دراوسێتی و لە ئاراستەی کەم کردنەوەی ئاڵۆزی بووەو دیارە ھەرچەشنە کۆبوونەوەیەکیش ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە لەیەک نزیکتر نەکاتەوە ناکاریگەرو بگرە زیانباریش دەبێت.
«حەسەن ڕۆحانی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بە دەربڕینی ئەمەی کە عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان لەگەڵ ئێران و یەمەن و قەتەر پەیوەندی و ھەڵس و کەوتێکی ھەڵەو نادروستیان ھەیە، پێی داگرت: ئەم چەشنە ھەڵس و کەوتەی عەرەبستان و میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان بە زیانی تەواوی ناوچەکە دەبێت.
«شێخ تەمیم بن حەممەد ئالی سانی _ TAMIM bin Hamad Al Thani» میری قەتەریش وێڕای پیرۆز کردنی جێژنی ڕەمەزان، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و قەتەری بە پەیوەندییەکی مێژوویی نرخاندو وێڕای ڕێزگرتن لە ھەڵوێستی تاران لە ھەمبەر بایکۆت و گەمارۆکانی سەر قەتەر وتیشی: دەوحە قەت ھەڵوێستی نیازپاکانەی تاران لە یاد ناکات و لەم ڕووەوە خوازیاری پەرەپێ دانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێرانە لە ھەموو بوارێکدا.