نوێنەرانی مەجلیسی ئێران، پەلاماری سەربازیی تورکیا بۆسەر خاکی سوریایان شەرمەزار کرد
نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران لەبەیاننامەیەکدا وێڕای شەرمەزارکردنی پەلاماری سەربازیی تورکیا بۆسەر خاکی سوریا، پێیان داگرت: ئێران لایەنگری ستەملێکراوانە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران رۆژی دووشەممە لەو بەیاننامەدا وێڕای ڕەخنەگرتن لە بێ دەنگیی کۆڕ ونێوەندە نێودەوڵەتییەکان لەمەڕ هێرشی سەربازیی تورکیا بۆسەر خاکی سوریا، ڕایانگەیاند: بێ دەنگیی سیاسی حکومەتانی جاڕدەری مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوەکان لەمێژوودا دەمێنێ.
نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران هەروەها لەو بەیاننامەدا، داکۆکی خۆیان لە کەسانی سیڤیلی کوردی سوریا ڕاگەیاند.
سوپای تورکیا لەرۆژی چوارشەممەوە بەبیانووی "بەرەنگاربوونەوەی ترۆریزم" و "پاکتاوکردنی سنوری سوریاو تورکیا" لەئامادەبوونی شەڕڤانانی کورد کە ئانکارا ئەوان بەترۆریست دەزانێ، بە فەرمانی "رەجەب تەییب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا هێرشیان کردۆتەسەر باکوری سوریا.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا لەڕۆژانی ڕابردوودا، هێرشی تورکیای ئیدانەکردو وەک داگیرکەریی ناوی برد.