ئاب 01, 2020 16:38 Asia/Tehran
  • وتەبێژی وەزاڕەتی دەرەوە :ئێمە هەردەم ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەید عەباس موسەوی، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئاب، ڕایگەیاند ئێران هەردەم ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ سعودیە، ناکۆکییەکانی تاران و ڕیازیش تەنها هەڵەتێگەیشتنێکە، کە وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە دروستیان کردووە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئیرنا، عەباس موسەوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتوویەتی، "ئێران ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گرنگە، ئەمەش بەبێ بەشداریکردن و هاریکاریی وڵاتانی ناوچەکە نایەتەدی، هەڵبەت ئەو وڵاتە زلهێزانەی هاتوونەتە ناوچەکە، ئەمەیان پێ خۆش نییە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە گفتوگۆکردنی تاران و ڕیاز وتی، "ئێمە هەردەم ئامادەین بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لەنێویشیاندا سعودیە، ئیدی لەڕێی نێوەندگیر بێت یاخود بێ نێوەندگیر".

موسەوی جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو ناکۆکییانەی لەگەڵ سعودیە هەیانە، "تەنها هەڵەتێگەیشتنێکە و وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە دروستیان کردووە، گومانیشی تێدا نییە کە دەتوانرێت ئەو هەڵەتێگەیشتنانە لەڕێی گفتوگۆوە چارەسەربکرێن".

وتەبێژەکە پێداگری لەوە کرد کە دەیانەوێت هەموو گرژی و هەڵەتێگەیشتنێک لەگەڵ وڵاتان، بەتایبەتی ئیسلامییەکان، نەهێڵن و چارەسەربکەن، "پێمان وایە ئەو لێکترازانانەی بەهۆی ناکۆکییەکانمان دروستبوون، دوژمنان و قەوارەی سەهیۆنی دەیانقۆزنەوە. یەکگرتوویی پرسێکی ستراتیژییە بۆ ئێران و هەردەم دەستی دۆستایەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە ڕادەکێشێت".

عەباس موسەوی وتیشی ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت سەقامگیری و بووژانەوە و ئاشتی لە ناوچەکەدا هەبێت، "هاوڕێیەکی باشتر لە ئێران نابیننەوە".

سەرپەیڤ

بۆچوونت