نیسان 12, 2021 18:12 Asia/Tehran
  • سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دیداری سەرۆک وەزیرانی کۆریای باشوور: پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکرێت

سەرۆکی پارلەمانی ئێران لە دیدار لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی کۆریای باشوور وتی: چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە ڕێگا چارەی خێرا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی دراو لە ئێران بدۆزنەوە و پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکەن.

محەمەد باقر قاڵیباف ئەمڕۆ لە گەڵ «چانگ سیه کیون» سەرۆک وەزیرانی کوریای باشوور چاوپێکەوتن و وتووێژی کرد.

ناوبراو بە ئاماژە بە گۆڕانکارییە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی 21، وتی: گەشەی هاوکاری نێوان وڵاتە ئاسیاییەکان، ستراتیژی گرینگی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و پێم وایە وڵاتانی ئاسیایی دەبێ ئەم بابەتە لە بەرچاو بگرن و بە هاوکاری هەمە لایەنەی خۆیان، پێشەنگی ئاشتی و پێشکەوتن لە دونیادا بن.

ناوبراو وتیشی: بەداخەوە کوریا ئێستا پێگەیەکی باشی لە سیاسەتە دەرەکییەکانی ئێراندا نییە. چاوەڕوانی ئەوەمان هەیە ڕێگا چارەی خێرا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی دراوەکانی ئێران بدۆزنەوە و پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران ئازاد بکەن.

قاڵیباف وێڕای ئاماژە بەوەی کە چاوەڕوانی خەڵکی ئێران لە لایەن کوریای باشوورەوە جێبەجێ نەکراوە، وتی: تەنانەت بازرگانانیش لە دۆخی ئێستا ناڕازین.

ئەو ڕاشیگەیاند: پێم وایە هیچ لەمپەرێک ناتوانێ هاوکاری نێوان دوو وڵات تووشی کێشە بکات و هیوادارم هاوکارییەکان لە باشترین ئاستدا بڕۆنە پێشەوە و ئەم سەفەرە ببێتە سەرەتای هاوکاری دووبارەی دوو وڵات.

لە درێژەشدا چانگ سیه کیون سەرۆک وەزیرانی کوریای باشوور وتی: بێگومان هاتوچۆی بەرپرسانی دوو وڵات دەبێتە هۆی پاراستنی پێوەندی دوو لایەنە و بۆ چارەسەر کردنی کێشەی پێوەندی دوو وڵات هەموو هەوڵی خۆمان ئەدەین.

ناوبراو جەختی کردەوە : پێم وایە ئێران و کوریای باشوور وەک دوو وڵاتی ئاسیایی دەبێ پێوەندی پتەوی خۆیان بپارێزن و درێژەی پێ بدەن.

سەرپەیڤ