ھاریکاریی ئێران و ھەرێمی کوردستان لە بواری گۆڕینەوەی زانستی تەکنیکیی ئاژەڵداری
کاربەدەستێک لە وەزارتی جیھادی کشتوکاڵی ئێران باسی گۆڕینەوەی زانستی تەکنیکیی ئاژەڵداری و ھەناردەی بەرھەمە ئاژەڵیەکان دەکات .
بە پێی راپۆرتی ئیرنا ، مورتەزا رەزایی لە یاریدەرانی وەزیری جیھادی کشتوکاڵی ئێران لە دیداری بێگەرد دڵشاد شوکڕوڵڵا تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە سروشتیەکانی ھەرێمی کوردستان و شاندی ھاوڕێی لە تاران گوتی : دوو ئامانجی سەرەکیی ئاژەڵداریی لە ئێران دابینکردنی پرۆتئینی ئاژەڵیی و گەشەی پاوەجێیی پیشەی ئاژەڵداریە .
گوتیشی : ئێران حەوتەمین وڵاتی بەرھەمھێنی گۆشتی مریشکە و زیاتر لە دوو میلیۆن و 400 ھەزار تەن گۆشتی مریشک بەرھەم دێنێ .
بێگەرد تاڵەبانیش لەم دیدارەدا گوتی : ھەرێمی کوردستان سنورێکی دوور ودرێژی لە گەڵ ئێران ھیە و دەبێ بۆ گواستنەوەی ئەزموونەکانی ئێران لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لە گەڵ ئێران ھاریکاریمان ھەبێت .
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی : بازاڕەکانی ھەرێم و عێراق بۆ وەرگرتنی بەروبومی کشتوکاڵیی ئێران ئامادەیی تەواویان ھەیە .