ئادار 13, 2023 16:23 Asia/Tehran
  • کەنعانی: ئێران ئامادەیە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە ئۆکرانیا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە تاران لە سەرەتاوە دژی شەڕی ئۆکرانیا بووە، ئامادەیی کۆماری ئیسلامیی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ڕاگرتنی شەڕ لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

بە پێی ڕاپۆرتی ئێران پرێس؛ «ناسر کەنعانی» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند: ئێران ھەر لە سەرەتاوە دژی شەڕی ئۆکرانیا بووە و پشتیوانیی هیچ لایەنێکی نەکردووە.

کەنعانی بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە ئێران گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە چەکی بۆ هیچ لایەنێک لە شەڕی ئۆکرانیا دابین نەکردووە، وتیشی: سەرەڕای دۆستایەتی لەگەڵ ڕووسیا، ئێران پشتیوانی لە لکاندنی ناوچەکان بەم وڵاتە نەکردووە و ئامادەیی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکەش ڕاگەیاندووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بە بانگهێشتکرانی باڵوێزی ئێران بۆ وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجانیش ڕایگەیاند:ئەم بابەتە پەیوەستە بە سووڕانەوەی فڕۆکەیەک لە نزیکی سنوورەکانی دوو وڵات و ئەو گەشتەی کە ئەنجام درا گەشتێکی ئاسایی بوو کە لە چوارچێوەی چاودێریکردنی ناوچە سنوورییەکانی ئێران و بە شێوەی قۆناغمەند لە نێو ھەرێمی ئاسمانیی ئێران ئەنجامی گرت لە ڕابردووش دا ھەر کراوە.

کەنعانی هەروەها ئاماژەی بە بەشداریی ئێران لە کۆبوونەوەی داهاتووی سووریا لە مۆسکۆ کردو ڕاشیگەیاند کە باشترکردنی پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ دراوسێکانی یەکێک لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی ئێرانە چونکە دراوسێیەتی باشی نێوان سووریاو وڵاتانی گرنگی ناوچەکە، لەوانەش تورکیا، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و سوریا.

 

سەرپەیڤ