سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران : پەیامێکمان بە ئەمریکا نەداوە
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران وتی : پەیامێک بە ئەمریکا نەدراوە بەڵام ئێرانییەکان بەردەوام بە دوای هەڵوەشاندنەوەی بایکۆتەکانن
عەلی لاریجانی وتی : هەوڵی حکومەت و دیپلوماسیی ئێران بۆ هەڵوەشانەوەی بایکۆتەکانە بەڵام ئێمە پەیامێکمان نەداوە چونکوو لە پێشدا وتووێژگەلێک ئەنجام درا و ئەوان قەبووڵیان نەکرد . ئێران بەردەوام پێشوازی لە دانوستان و هاوکاری کردووە بەڵام ئەو هاوکارییە دەبێ بە پێی ڕێز گرتنی بەرامبەر و نەمانی ڕاستەقینەی لەمپەرەکان بێت.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی سکرتێری گشتیی ناتۆ دژی ئێران وتی : پێویست ناکا ئەو هەڕەشانە وەڵام بدرێنەوە. ناوبراو وتیشی ؛ ئێمە بە هەڕەشەو گوڕەشە ژیان ناکەین لە گەڵ ڕاستییەکاندا دەژین . سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران داڕێژراو لەسەر بنەمای لۆژیک و لێکگەیشتنی دروست لە دۆخی ناوچەیی و نێونەتەوەییە و لە ڕێبازی خۆی لانادا.