شوبات 16, 2026 18:15 Asia/Tehran
  • وەزیری دەرەوەی ئێران: بە دەستپێشخەریی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادگەرانە هاتوومەتە ژێنێڤ

وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە بە بەرنامەكانی بۆ درێژەی دانوستانە ناڤۆكییەكان لە ژێنێڤ جەختی كرد کە بە دەسپێشخەری ڕاستەقینە لە دانوستانەكاندا ئامادە دەبێت.

عەباسی عەراقچی سەبارەت بە بەرنامەی کاریی ئێران لە ژێنێڤ لە تۆڕی ئیكسدا نووسی بەهاوبەشیی پسپۆرانی ناڤوكی وڵاتەكەمان دیدارم كرد لە گەڵ ڕافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆكی بۆ وتووێژی وردی تەكنیكی . سبەینێش لە گەڵ وەزیری دەرەوەی عومان وەك میوانداری ئەم خولەی دانوستانەكان  دیدار دەكەم .

عەراقچی بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە من بە دەستپێشخەری ڕاستەقینەوە هاتوومەتە ژێنێڤ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادگەرانەو هاوسەنگ، وتیشی : ئەوەی بە هیچ شێوەیەک لە بەرنامەی کاردا نییە، تەسلیمبوون لەهەمبەر هەڕەشەکانە.

سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش وتی : تاران ئامادەیە بۆ دانوستانی ئەتۆمیی دادگەرانە کە چارەسەری نیگەرانییەکان بکا.

عەلی لاریجانی هەرجۆرە وڵامێكی نووسراوە بە داخوازییەكانی ئەمریكای ڕەت كردەوە و وتی ئەوەی ڕوویداوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بووە كە هێشتا بەردەوامە و وڵاتانی ناوچە پشتگری دەكەن لە دەسڕاگەیشتن بە ڕێگاچارەیەكی سیاسی بۆپرسی ئەتومی .

ناوبراو وتیشی تاران دانوستانەكان بە ئەرێنی هەڵدەسەنگێنێ بەو مەرجەی دادگەرانەو مەعقوڵ بێت و نەبێتە ئامرازێک بۆ دواخستن یان سەپاندنی کێشەکانی دەرەوەی چوارچێوەی ئەتۆمی.

سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران هەروەها وتی: تاران چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە چوارچێوەی پەیمانی قەدەغەی پەرەی چەکی ئەتۆمی(ئێن پی تی) قەبووڵ دەكات .

ناوبراو وتیشی؛  باسکران لە "پیتاندنی سیفر" ناواقیعییە، چونکە زانیاری ئەتۆمی لەڕووی سیاسییەوە ناسڕدێتەوە و ئێران پێویستیی پزیشكی وتوێژینەوەیی ڕەوای هەیە. سیفركردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بێ مانایە .

ئێمە بۆ زۆرکار پێویستمان بە پیتاندنە، ژمارەیەکی زۆر توشبووی شێرپەنجەمان هەیە و لە تاران ڕیاکتۆرێک هەیە کە پێویستە دەرمان بەرهەم بێنێت و پێویستمان بە یۆرانیۆمی پیتێندراوی لەسەتا بیست هەیە .

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران جارێکی دیکە جەختی کردەوە: ئێران لەهەوڵی شەڕدا نیە، بەڵام هەڕەشە قەبووڵ ناكات و لەسەر تێکەڵاوێک لە دانوستان و بەرپێگرتن، حیساب دەکا.

 

سەرپەیڤ