وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران : بانگەشەی ڕێککەوتنی کاتیی ئێران و ئەمریکا بێ بنەمایە
وتەبێژی وەزارتی دەرەوە ، بانگەشەی بڕێک لە مێدیاکان سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتنی کاتیی نێوان ئێران و ئەمریکای بە بێ بنەما زانی .
ئیسماعیل بەقایی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوە هەواڵییەکەی ئەمڕۆی خۆیدا سەبارەت بە خولی داهاتووی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا و بیروڕاگۆڕینەوەکان سەبارەت بە ڕێککەوتنی کاتیی، وتی: زۆر نائاسایی نییە کە بیروڕای جیاواز بێتەئاراوە سەبارەت بە شێواز و ناوەڕۆکی دانوستانەکان، بەڵام هیچ کام لەو ڕاوبۆچوونانە پشتڕاست ناکەینەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها سەبارەت بە بانگەشەی ویتکاف لەبارەی تەسلیم بوونی ئێران و بانگەشەی ماوەی یەک هەفتەیەیی بۆ گەیشتن بە چەکی ناڤۆکی وتی: ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕووبەڕووی تێڕوانینی دژ بە یەکی کاربەدەستانی ئەمریکایی دەبینەوە. بەقایی هۆشداری دا: لەمەودوا بە شێوەیەکی جیاواز سەیری بوونی هێزی سەربازی بیست و حەوت وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لە ناوچە و لە کەنداوی فارس دەکرێت، چونکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنرێن. ناوبراو سەبارەت بە هەڵاتنی نزیکەی پازدە هەزار ئەندام و کەس و کاری داعش لە کەمپێک لە سوریا و نیگەرانییەکانی ئێران لە ئەگەری دووبارە بنیاتنانەوەی تۆڕە توندڕەوەکان و هەڕەشە ئەمنییەکان لە دژی وڵاتانی ناوچەکە، وەبیریشی هێنایەوە: "ئەمە پرسێکی زۆر گرنگە، چونکە عێراق و ئێران و سوریا باجێکی قۆرسیان بۆ ئەم بابەتە داوە".