ئەمیرسەعید ئیرەوانی: هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی جەنایەتی جەنگییە
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی کاتیی ئەنجومەنی ئاسایش، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی مەدەنیی ئێرانی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و نموونەی زەقی جەنایەتی جەنگی زانی و خوازیاری ئەوە بوو کە ئەنجوومەنی ئاسایش بێتە مەیدانەوە بۆ وەستاندنی ئەو دەستدرێژییانە.
لەم نامەیەدا، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژە بە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران، ڕایگەیاند کە پارێزگاکانی باشوور، شارەکانی کەنار دەریا و بەندەرەکانی سەر کەنداوی فارس و گەرووی هورمز، لەوانە بەندەر عەباس، بوشێهر، ئەهواز، چابەهار، کۆنارەک، جاسک، سیریک، ئیرانشەهر، دوورگەکانی بوومووسا و تونبی گەورە کەوتوونەتە پەر پەلامار. لە درێژەی ئەو پەلامارانەدا شارەکانی شیراز، خوڕەماباد، سمنان، ورمێ، هەمەدان و ئیلامیش کرانە ئامانج.
باڵوێزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشانە، بەندەرەکان، سیستەمەکانی ڕێگا و بان گواستنەوە، دامەزراوەکانی بەدالە، ناوەندەکانی لۆجستی و ژێرخانی گرنگی دیکەیان کردۆتە ئامانج و زیانێکی بەرفراوانیان لێکەوتۆتەوە؛ زەبر و زیانێک کە جیا لە تێکدانی هێڵەکانی گواستنەوە و بازرگانی و فریاگوزاری، لێکەوتەی مرۆیی و ئابووری و ژینگەیی بەرفراوانیشی هەبووە. ئیرەوانی بە ئاماژە بە ئاماری قوربانییەکان ڕاشیگەیاند کە لەم هێرشانەدا زیاتر لە ٣٥ کەس شەهید بوونە و زیاتر لە ٢٦٠ کەسیش بریندار، کە خەڵکی سیڤیل، کارمەندانی فریاگوزاری، ئاگرکوژێنەوە، ژینگەپارێز و ماسیگریشیان تێدابووە.
ناوبراو هێرشکرانە سەر نەخۆشخانەی شەهید بەقایی لە ئەهواز، زیانگەیاندن بە ناوەندە پزیشکییەکان، هێرش بۆ سەر بەشی ناوخۆیی هێزی زەمینی ئەرتەش لە بەمپوور، شەهیدکردنی ژمارەیەک لە بەرگریکارانی وڵات و بە ئامانجگرتنی ناوەندە مەدەنییەکان، لەوانە سایلۆی گەنم، دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی بوتڵ و تاوەری کۆنترۆڵی دەریایی چابەهاری بە نموونەگەلێکی ئەو جەنایەتانە هێنایە ئەژمار.
نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێیشیداگرت کە بەئامانجکردنی بەردەوامی ژێرخانی مەدەنی و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان نموونەیەکی ڕوونی جەنایەتی جەنگییە و ئەمریکا بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆیە سەبارەت بە هەموو زیانی مرۆیی، دارایی و ژینگەیی ئەم هێرشانە. ئیرەوانی داوای لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکانیاندا، هەنگاوی خێرا و کاریگەر هەڵگرێ بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیی ئەمریکا و ناچار کردنی ئەم وڵاتە بە وەڵامدانەوە و جەختیشی کرد کە ئێران هەتا ئەو دەستدرێژییانە بەردەوام بێ، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرگری لە سەروەری و یەکپارچەیی خاک و بەرژەوەندیی نیشتمانیی خۆی دەکات.