ئیدانەکرانی هێرشی سەربازیی ئۆکراین بۆ سەر کەشتیی ئێرانی لە دەریای خەزەر
تهمووز 27, 2026 09:45 Asia/Tehran
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی ڕژێمی ئۆکراین بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی ئێرانی لە دەریای خەزەر لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٥ ئاگۆستی ئیدانە کرد ، هێرشێک کە بووە هۆی تەقینەوەی کەشتییە ئێرانییەکە و شەهید و برینداربوونی دوو دەریاوان.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم هەنگاوەی بە بنپێکەری بڕگەی ٤ی مادەی ٢ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و نموونەی زەق و ئاشکرای دەسدرێژی زانی کە دەتوانێ بڵێسە بدات بە ئاگری شەڕ و بازنەی بەربڵاوتر بکاتەوە.
هێرشی ڕژێمی ئۆکراین بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی ئێرانی لە دەریای خەزەر کە بە ڕاشکاوی لە لایەن سەرۆکی ئەم ڕژێمەوە دانی پێدا نراوە، نیشانەی درێژەدان بە ڕێبازی نائاوەزمەندانە و دوژمنکارانەی ڕژیمی ئۆکراینە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران. کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە هەرگیز خۆی وەرنەداوەتە نێو شەڕ و کێشەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ، سەرنجی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەوروپایی و هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو ڕاستییە ئاشکرا ڕادەکێشێت کە ڕژێمی ئوکراین بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانی ئێرانی، نەک هەر پێشێلکارییەکی نێودەوڵەتیی ئەنجامداوە، بەڵکو بە شێوەیەکی مەترسیدار، هەوڵی بڵاوکردنەوەی نائەمنی و بڵێسەپێدانی ئاگری شەڕ دەدات. هەر لایەنێک کە خەمی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناوچەکانی دەوروبەری هەبێت، دەبێ هەڵوێستی بەرپرسیارانە بەرامبەر ئەم کارە مەترسیدارەی ڕژێمی ئۆکراین بگرێتەبەر و دەستەی دەسەڵاتداری ئۆکراین لەم کردەوە جەنایەتکارانە و دنەدەرانەیە بخاتە بەر لێپرسینەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێی بنەما و ڕێسا بنەڕەتییەکانی مافە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت بنەمای بەرگریی یاسایی لە خۆ، لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئاسایشی خۆیدا تەنیا چرکەساتێکیش درەنگ ناجوڵێتەوە. دیارە بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانی شەڕنانەوەی سەرۆکی ڕژێمی ئۆکراین لە ئەستۆی ئەو ڕژێمە و لایەنگران و هاندەرانی دەبێت.
سەرپەیڤ