پزیشکیان: چاکسازیی لە داڕشتی جیهانیی حوکمڕانی، پێویستییەک لەپێناو هاتنەدی چەندلایەنخوازیی و کاری پێکەوەیی
سەرۆک کۆماری ئێران خوازیاری چاکسازیی راستەقینە لە میکانیزمە جیهانییەکان و بەهێزکرانی چەندلایەن خوازیی بوو.
سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی نائاشکرای سەرانی بریکس لە دێهلی نوێ وتی: جیهان ئەمڕۆ لەلایەک بەرەوڕووی چوونەسەری ئاستی وابەستەبوونی وڵاتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە هاوبەشەکانەو لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ گەڕانەوەی تاک لایەنخوازیی و کەڵک وەرگرتنی ئامرازی لە سیستەمە دراڤی و تەکنۆلۆژیاییەکان بەرەوڕوویە. مەسعود پزیشکیان جەختی کرد: ئەگەر جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەتوانێ لەهەمبەر زۆرداریی نایاسایی پاڵپشتی لە وڵاتان بکا و یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان بۆ چەند وڵات ئیلزامهێن و بۆ چەند وڵاتی دیکە شیاوی شرۆڤەکردن بێ، قسەکردن لەبارەی فرەلایەنی وکاری پێکەوەیی راستەقینە نامومکینە. پزیشکیان بەئاماژە بە شەڕی ئەم دواییەی دژ بە ئێران و گۆڕانکارییەکانی غەززەو لوبنانیش وتی: لاوازبوونی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان لەمەڕ پشتگریی لە خەڵکی سیڤیل و سەروەریی وڵاتان، جێگەو شوێنی نیزامی دەسەڵاتدارەتیی جیهانی بەرەوڕووی کێشە کردووە. پزیشکیان وتیشی؛ وەڵامدانەوە بەو بارودۆخە نابێ تەنیا بە دەرکردنی بەیاننامە سنوردار بکرێ و چاکسازیی راستەقینەی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان، کارێکی لەپێشینەو زەروورە. سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها جەختی کرد لەسەر جێبەجێکرانی بێ هەڵاواردنی مافە نێودەوڵەتییەکان، چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە داڕشتی ئەنجومەنی ئاسایش و دەم و دەزگە دراڤییە نێودەوڵەتییەکان و بەرجەستەکرانی رۆڵی وڵاتانی باشووری جیهان. ناوبراو، گەشەپێدانی تیجارەت بە دراڤە نیشتمانییەکان، هێنانەدی میکانیزمەکانی پارەدرانی سەربەخۆ و بەهێزکرانی بانکی گەشەی تازەی بریکسی لە ڕێکارەکانی بەهێزکرانی هاوکاریی ئابووریی ئەندامان زانی و خوازیاری بەرەوڕووبوونەوەی کرداریی لەگەڵ گەمارۆ و ئابلۆقە یەکلایەنەکان بوو. پزیشکیان هەروەها پرسی فەلەستینی بە تاقیکارییەک بۆ جێگەو شوێنی حوکمڕانی و دەسەلاتدارەتی جیهانی زانی و وتی: بریکس دەبێ بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی و مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی فەلەستین، رۆڵێکی چالاکانەتر بگێڕێ. سەرۆک کۆمار لە کۆتاییشدا، بەهێزکرانی هاواهەنگیی سیاسی، هاوکارییە ئابوری و دراڤییە سەربەخۆکان وپەرەی هاوکارییەکان لە بواری زانست، تەکنۆلۆژیا، وزەو ئاسایشی خۆراکی لە سەریەتییەکانی ئێران لە بریکس راگەیاند.