عەراقچی: مەرجی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورموز، بەجێهێنرانی بەڵێنەکان لە لایەن ئەمریکاوەیە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: تەوەرەی باسەکانی کۆبوونەوەی عومان، ئاوەڕێیەکی تازەیە لە گەرووی هورموزدا.
سەید عەباس عەراقچی وتیشی: وردەکاریی ڕێککەوتنمان لەگەڵ عومان و نەخشەکانی پەیوەست بە ئاوەڕێی نوێ دەخەینە بەردەست وڵاتانی بەشداربوو. عەراقچی ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ڕێککەوتن لەگەڵ پاشایەتیی عومان بە هیچ شێوەیەک بە مانای کرانەوەی گەرووی هورمز نییە و مەرجی ئێران بۆ کردنەوەی ئەم ڕێڕەوی ئاوییە گەڕانەوەی ئەمریکایە بۆ پێبەند بوون بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوی لێکگەیشتنی ئیسلام ئاباددا. عەراقچی بە ئاماژەی بەوەی کە ئێران لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەرپرسیارێتی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تەنیا لە ئەستۆی خودی وڵاتانی ناوچەکەدایە، هیوایشی خواست کە ئەم وتووێژانە بتوانن ڕێگاخۆشکەر بن بۆ ڕاوێژەکانی داهاتوو سەبارەت بەو پرسانەی کە بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە گرنگن.