وتووێژ و ڕاوێژی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی بەغدا
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی 52-یەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە بەغدا لەگەڵ هاوشانەکانی خۆی لە وڵاتانی بەشدار لەم کۆبوونەوەیە دیدار و گفتوگۆی کرد و لەگەڵ ئەوان پەیوەندی دوولایەنە و ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچە و پێشهاتە نێودەوڵەتییەکانی خستە بەر باس و لێکدانەوە.
سەید عەبباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی ٥٢ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە بەغدا لەگەڵ ئیسماعیل وەلەد شێخ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کۆبووەوە. لەو دیدارەدا هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی جیهانی ئیسلام ، پتەوترکردنی لێکتێگەیشتن و یەکدەنگیی لە نێوان وڵاتانی ئەندام و پرسە گرنگ و سەرەکییەکانی ناوچەکەیان خستە بەر باس و لێکدانەوە. عەراقچی لە درێژەدا لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا دیدار و گفتوگۆی کرد و دوو لایەن سەبارەت بە پێوەندی دوولایەنە و پرسەکانی ناوچەکە بیروڕایان گۆڕیەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراقیش کۆبووەوە و لەو کۆبوونەوەدا دوو لایەن بە لێکدانەوەی پرۆسەی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە گۆڕەپانی جۆراوجۆردا لەوانە ئابووری، بازرگانی، کۆنسوڵی و ئاسایش، جەختیان کرد لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکان لە پێناو پەرەپێدانی پێوەندی و هاوکاری لە هەموو بوارە دڵخوازەکانی دوو وڵاتدا. وەزیری دەرەوەی ئێران لەم دیدارەدا هەروەها وتی کە گەڕانەوەی ئاسایش بۆ گەرووی هورمۆز پێویستی بە وەستاندنی کردەوەکانی ئەمریکایە. وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر لە پەراوێزی کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر و بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی لیبیا دیدار و وتوێژی کردبوو. وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیداری هاوشانی میسری خۆیدا فەلەستینی بە گرنگترین پرسی جیهانی ئیسلام زانی و پێیداگرت لەسەر پێویستی هەوڵی هاوبەشی هەموو وڵاتانی ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و جینۆساید و هەروەها بۆ سزادانی ڕژێمی زایۆنی. وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها ئاڵۆزی لە گەرووی هورموزی بە ئەنجامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی زانی و بە ڕەخنەگرتن لە بەڵێنشکێنییەکانی ئەمریکا، پێداگری کرد لەسەر پابەندبوونی ئێران بە دیپلۆماسی و کەمکردنەوەی گرژییەکان. لەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی ئێرانیشی دەربڕی بۆ یارمەتیدان بە وەستاندنی شەڕ و پێکدادانی نێوان عەرەبستان و یەمەن و وتی قەیرانی یەمەن چارەسەری سەربازی نییە. بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی لیبیا و وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی دیدار و وتوێژیان کرد. دوو لایەن بە لێکدانەوەی پەیوەندییە دوولایەنەکانی تاران و ترابلۆس، پێداگرییان کرد لەسەر گرنگایەتی بەردەوامبوونی وتووێژ و ڕاوێژەکان لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دوو وڵات و هەروەها سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچە و جیهانی ئیسلامیش بیروڕایان گۆڕییەوە.