وتەبێژی سپای پاسداران: لە شەڕی نوێدا، سنووردارکردنی جوگرافیمان نییە
https://kurdish.sahartv.ir/news/ئێران-i447846-وتەبێژی_سپای_پاسداران_لە_شەڕی_نوێدا_سنووردارکردنی_جوگرافیمان_نییە
وتەبێژی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وتی: دەسنیشانکردنی ئامانجی نوێ و داڕشتنی ئۆپەراسیۆن لە جوگرافیای تازەدا لە بەرنامەی کاردایە. وتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ڕایگەیاند: بۆ وەڵامدانەوە بە ئەمریکا تەنانەت لەدەرەوەی رۆژاوای ئاسیاش ئامادەییمان هەیە.
(last modified 2026-11-01T13:41:32+00:00 )
تشرینی دووه‌م 01, 2026 17:06 Asia/Tehran
  • وتەبێژی سپای پاسداران: لە شەڕی نوێدا، سنووردارکردنی جوگرافیمان نییە

وتەبێژی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی وتی: دەسنیشانکردنی ئامانجی نوێ و داڕشتنی ئۆپەراسیۆن لە جوگرافیای تازەدا لە بەرنامەی کاردایە. وتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ڕایگەیاند: بۆ وەڵامدانەوە بە ئەمریکا تەنانەت لەدەرەوەی رۆژاوای ئاسیاش ئامادەییمان هەیە.

 

سەردار حوسێن موحیبی وتەبێژی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەئاماژە بە ڕێنوێنییەکانی ئەم دواییەی ڕابەری باڵای شۆڕش لەنیو کۆڕی فەرماندە پلەبەرزەکانی هێزی سەربازییدا، وتی؛ ئەو ڕێنوێنیانە لاپەڕەیەکی تازەی شەڕی هەڵدایەوەو ئەمڕۆکە هێزە چەکدارەکانمان تەیارتر لە ڕابردوو، ئامادەی وەڵامدانەوەی شێلگیرانە بە دوژمنن.

وتەبێژی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای ئاماژە بە پێداگریی ڕابەری باڵای شۆڕش لەسەر ئەوەی کە لە شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا هیچ سنووردارکردنێکی جوگرافی بوونی نییە، وتی: مەیدانێکی بەربڵاو بۆ زیان گەیاندن بەدوژمن و گەیشتن بە ڕێگرییکردنی تۆکمە دیاریی کراوە.

موحیبی وێڕای شیکردنەوەی چەمکی ڕێگرییکردنی زۆرینە، وتیشی: ڕێگرییکردنی زۆرینە واتە لەمەودوا هیچ وڵاتێک نەتوانێ دژی ئێران هەڵوێستی سیاسی بگرێتەبەر، چ بگا بەوەی چاوی تەماح ببڕێتە خاکی وڵاتمان.

ناوبراو هەروەها وتی: سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، دەسنیشانکردنی ئامانجی نوێ و داڕشتنی ئۆپەراسیۆن بۆ جوگرافیای تازەی خستووەتەنێو بەرنامەی کاری خۆیەوە.

ئەمیری سەرتیپ محەممەد ئەکرەمی نیا، وتەبێژی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وێڕای شیکردنەوەی لایەنە ستراتژییەکانی دیداری فەرماندەرانی باڵای هێزە چەکدارەکان لەگەڵ فەرماندەی گشت هێزە چەکدارەکان، ئاماژەی بە بەهێزبوونی ئامادەیی ئۆپەراسیۆنی، نوێکرانەوەی بانکی ئامانجەکانی دوژمن و گەشەپێدانی قەوارەو پتانسێلی بەرگریی و هێرشبەریی هێزە چەکدارەکان کردو وتی کە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وەڵامدانەوە بە هەرچەشنە هەڕەشەی شیمانەیی، لەبەراوەرد لەگەڵ دەسپێکی شەڕی ٤٠ ڕۆژە، ئامادەیی زیاتری هەیە.

سەرتیپ ئەکرەمی نیا بەئاماژە بە پێداگریی فەرماندەری باڵای گشت هێزە چەکدارەکان لەسەر وەڵامدانەوەی بێ سنوری جوگرافیایی، وتی: لەشەڕی ئەم دواییەدا، بازنەی تێکهەڵچوون و شەڕ لە سەرزەوینە داگیرکراوەکانەوە هەتا بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچە، درێژ بوویەوە، بەڵام بێتوو دەسدرێژیی دووبارە بکرێتەوە، جوگرافیای شەڕ دەتوانێ پەلکێشی ناوچەگەلێک بەدەر لە رۆژاوای ئاسیاش ببێت.

وتەبێژی ئەرتەش لەکۆتاییشدا هۆشداریی دا: بێتوو دوژمن سەرلەنوێ هێرش بکاتەوە، شەڕی شیمانەیی داهاتوو دەتوانێ درێژخایەنتر لە شەڕی ڕابردوو بێ و سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناتوانێ کات و شەرت و مەرجی کۆتایی هاتنەکەی بەتەنیا دیاریی بکات. خەڵکی ئەمریکاو هاوپەیمانانی ئوروپایی ئەو وڵاتەش دەبێ بزانن کە دەسپێشخەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیاریکردنی چارەنووسی وەها شەڕێک، ڕۆڵی بنەڕەتی دەبینێ.