هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانی بەسەدان هەزار کەس لە فەڕەنسا، ناڕەزایەتییەکان پەلکێشی ئەڵمانیاو سوئیسیش بووەوە
ناڕەزایەتیی دەربڕین بە کەمیی بوودجەی خوێندنگەو زانکۆکان و چوونەسەری تێچووی ژیان کە لە فەڕەنساوە دەسپێکرابوو، ئەڵمانیاو سوئیسیشی گرتەوە.
بەپێی ڕاپۆری کەناڵی سی ئێن ئێن، بزووتنەوەیەکی نوێ بە سەرکردایەتی گەنجان لە ئەڵمانیا کە بە "نەوەی زێد دەتوانێ بیکات!" دەناسرێ و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە گرانیی تێچووی ژیان، کەمیی بوودجەی قوتابخانە و زانکۆکان، نیگەرانییەکانی ژینگە و ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی خزمەتی سەربازیی ناچاری سەریهەڵدا. ئەو ناڕەزایەتییانە لە شارە گەورەکانی ئەڵمانیا لەوان بەرلین، فرانکفۆرت، کۆڵن و مونیخ بەڕێوەچوو.
گەنجانی ئەڵمانی بەدانی دروشمی "مێرتس، بڕۆ جەهەننەم" نەیارەتیان لەگەڵ کەمکرانی تێچووە کۆمەڵایەتییەکان نیشان داو خوازیاری وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی پەروەردەو پەیوەستبوون بە بزووتنەوەی جیهانیی گەنجان بوون.
لەحاڵێکدا کە پێ دەچوو خۆپیشاندان لە بەرلینی پێتەختی ئەڵمانیا بەشێوەی ئاشتیانە بەڕێوە چووبێت، لە شارەکانی کۆڵن، هامبورگ و فرانکفۆرت ئۆتۆمبیلەکانی ئاوپژێن و هێزی پۆلیس بەرەوڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی هەڵسوڕێنەرانی خۆپیشاندانەکان، رۆژی شەممە ١٢٠ هەزار کەس بەشداری خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی ئەڵمانیا بوون.
رۆژی شەممە هەروەها ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەریی دیکە لەلایەن بزووتنەوەی هێلەگ زەردەکان لە فەڕەنسا بەڕێوە چوو. ئەو گردبوونەوە ناڕازییانە کە بە "قۆناخی سێیەم"ی ناڕەزایەتییەکان باس دەکرێت، پاش ناڕەزایەتییەکانی رۆژانی ١٧و ٢٤ی ئۆکتۆبەر ڕوویان دا. پێ دەچێ خوێندکاران و ژمارێک لە سەندیکا کرێکارییەکانیش پەیوەستی ئەو ناڕەزایەتییانە ببن.
هەروەها دوێشەو، زوریخ شەوێکی ئاڵۆزی وەپشت سەرناو بەهۆیەوە خۆپیشاندان کرا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە تەرخانکرانی بوودجە بۆ نوێکردنەوەی چەکەمەنییەکان و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی. لەو خۆپیشاندانانەدا تەنەکەی زبڵ سووتێندراو ناڕازییان بوتڵی شوشەیان گرتە هێزە فریاگوزارەکان و هەروەها خۆپیشاندەران و هێزی پۆلیس تێکهەڵچوون و لەئەنجامدا ئۆتۆمبیلێک سووتێندرا.