وەزیری دەرەوەی ئێران: کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەمریکی لەئارادا نەبووەو پلانیشی بۆ دانەڕێژراوە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: هیچ دیدار و چاوپێکەوتنێک لەلایەن شاندی ئێرانییەوە لە قەتەر لەگەڵ شاندی ئەمریکی لەئارادا نەبووەو پلانیشی هەر بۆ دانەڕێژراوە.
سەید عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای ئاماژە بە سەفەری جێگرەکەی بۆ قەتەر، وتی: نێوەندگرە قەتەرییەکان لە تاران بوون و پاش گەڕانەوەیان، جێگری منیش چوو بۆ قەتەر هەتا ڕاوێژکارییەکان لەوێ بەردەوام بکرێن و ئەویش بتوانێ بابەتەکان بۆمن بگوێزێتەوە، ناوبراو ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە.
عێراقچی هەروەها پێی داگرت: هیچ دیدارێک لەگەڵ شاندی ئەمریکی لەئارادا نەبووەو پلانیشی بۆ دانەڕێژراوە، ئێمە جارێ لە قۆناخێکداین کە لەبارەی پێشنیازی خۆمانەوە، پێشنیازێکی حەوت ڕۆژیی کە ئێستا ئیدی بووە بە دوو رۆژیی، لەڕێی نێوەندگرەکانەوە سەرقاڵی ڕاوێژ کردنین.
وەزیری دەرەوە لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە جارێ نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی یەکجاریی. ئەوەی کە دەگەینە ئەنجام یان ناش بەستراوەتەوە بە وەڵامی زۆرێ لەو پرسیارانەی کە هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە.
لەکۆتاییشدا وتی: ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین و هیوادارین لایەنی بەرامبەر ئەوەندە بەئاوەز بێ کە دیپلۆماسیی بخاتەسەرووی ڕێگاکانی دیکە، بەڵام بۆ ڕێگاکانی دیکەش ئامادەیی تەواومان هەیە.