نیسان 28, 2025 14:11 Asia/Tehran
  • چاندنی کەوەر و شێوازی گرنگیپێدانی

کەوەر سەوزەیەکی تام خۆشە و لە باخچەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر بە سەوزی دەمێنێتەوە. دەکرێت هەر بەتەنها و بە تازەیی بخورێت یاخود لە دروستکردنی خواردنەکاندا بەکار بهێنرێت.

چەندین جۆری کەوەر یان کەڤار یان قوراد (بە ئینگلیزی: leek) هەیە کە لە ڕووی ڕەنگ، تام، قەبارە، کاتی پێگەیشتن جیاوازن. جگە لە تامی خۆش چەندین سوودی جیاوازی تەندروستیشی هەیە. لە جێگەیەکی کەمدا سەوز دەبێت و بەرگەی کەشی ساردیش دەگرێت، بەڵام هاوشێوەی زۆرینەی سەوزەکانی تر کەوەریش ڕووبەڕووی هۆکاری نەخۆشی دەبێتەوە، بۆیە پێویستە چاودێریی بەردەوام بکرێت و لەکاتی هەبوونی کێشەدا چارەسەری گونجاوی بۆ بکرێت.  

 

هەنگاوەکانی چاندنی کەوەر

  •     باشترە کەوەر لە وەرزی بەهاردا بچێنرێت.
  •     سەرەتا خاکەکەی بە تێکەڵکردنی لەگەڵ پەیینی کۆن بۆ ئامادە بکرێت.
  •     دواتر تۆوەکە بە خاکەکەدا بپرژێنرێت و باشترە مەودای نێوان تۆوێک بۆ یەکێکی تر بگاتە نزیکەی ١٥ سانتیمەتر.
  •     پاشان بە بەردەوامی جێگەکەی بە شێداری بهێڵرێتەوە.
  •     هەندێکیان هەر لە وەرزی بەهاردا پێ دەگەن و ئامادە دەبن بۆ لێکردنەوە، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی تریان لە وەرزی پاییزدا پێ دەگەن.

 

شێوازی گرنگیپێدان بە ڕوەکی کەوەر

کەوەر پێویستی بە جێگەیەکی خۆرەتاوە و ڕۆژانە پێویستە بەلایەنی کەمەوە شەش کاتژمێر ڕووناکی خۆری بەربکەوێت؛ بەڵام لە جێگەیەکی پارێزراودا بچێنرێت. هەروەها دەبێت خاکەکەی بەپیت بێت و شیبووەوە بێت بۆ ئەوەی وشک ببێتەوە و ئاوی تێدا کۆ نەبێتەوە. دەبێت بەباشی ئاو بدرێت بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا، پاکب کرێتەوە لە هەموو گژوگیایەکی زیانبەخش و پاشان ڕشتنی چینێک سەماد بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە دووبارە سەوزبوونیان، لەهەمان کاتدا سەماد دەبێتە هۆی هێشتنەوەی شێی خاکەکە.

دوای ئەوەی درێژی کەوەرەکان دەگەنە نزیکەی ٢٠ سانتیمەتر، بۆ ئەوەی گەشەی تەواو بکەن باشترە تەنک بکرێن. کاتی لێکردنەوەشیان بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت و دوای لێکردنەوەشی دەکرێت بۆ ماوەیەک لە بەفرگردا هەڵبگیردرێت. هەروەها پێش بەکارهێنانی دەبێت بەجوانی هەمووی بشۆردرێتەوە.

 

 

سەرپەیڤ