ته‌مووز 18, 2025 10:13 Asia/Tehran
  • هوموو زانیاریێک سەبارەت بە تۆکردنی ھەورەکان یان چاندنی ھەورەکان

تۆکردنی ھەورەکان یان چاندنی ھەورەکان بریتییە لەو پڕۆسەیەی کە مرۆڤ بەژداری دەکات لە چالاکردنی کرداری گەشەکردن و چڕکردنەوەی ئەو دڵۆپە ئاوانەی کە لە ھەورە نەباریوەکاندا کۆ بوونەتەوە، بە ئامانجی باراندنی باران بە تایبەتی لە ناوچە وشک و کەم بارانەکان، کە دەبێت ھۆی زیادکردنی باران بە ڕێژەی (١٠٪ بۆ ٢٠٪).

مێژووی سەرھەڵدان و گەشەکردنی ئەم پڕۆسەیە

مێژووی تۆکردنی ھەورەکان (بە عەرەبی: زرع السحاب، بە ئینگلیزی: Cloud Seeding) بە شێوەیەکی زانستی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتی (١٣ی تشرینی دووەمی ١٩٤٦) لەلایەن دوو توێژەری ئەمریکی بەناوی (Evering Laninger و Venst J. Shaver). لە کارێکی تاقیگەیدا سەرکەوتوو بوون لە دروستکردنی بارانی دەستکرد، دواتر بە چەندین قۆناغ ئەم بابەتە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینی و لە چەندین وڵاتی وەکوو (ئەمریکا و دوبەی و ئیماڕات) تاقی کرایەوە.

پێکھاتەی تۆکردنی ھەورەکان

تۆکردنی ھەورەکان بە چەندین قۆناغی جیاواز تێ دەپەڕێت و ھەر قۆناغێکیش بۆ مەبەستێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێت. لە گرنگترین ئەو قۆناغانەش بریتین لە: 

  •     قۆناغی یەکەم - گەورەکردنی قەبارەی گەردیلەکانی دڵۆپە ئاوکان لە بەرگەھەوادا.
  •     قۆناغی دووەم - چڕکردنەوەی گەردیلەکانی ئاو بۆ دروستکردنی ھەور و باراندنی باران.

تەکنیکە بەکارھێنراوەکان بۆ تۆکردنی ھەورەکان

١- جێگیر (Static) ئەم تەکنیکە ئەنجام دەدرێت بۆ کەش و ھەوایەکی سارد، کە ئامانج لێی چڕکردنەوەی گەردیلەکانی ئاوە، زۆربەی کات شێوەی گەردیلەی کریستاڵی بەستوو وەردەگرێت و دەبێتە ھۆی بەفر بارین، پێکھاتەی (Silver Iodide یان Aluminum Oxide) دەخرێتە نێو بەرگە ھەواوە بۆ دروستکردنی بارانی دەستکرد یان بەفری دەستکرد لە ناوچە ساردەکان.

٢- داینامیک - Dynamic ئەم تەکنیکە لە کەش و ھەوایەکی گەرم ئەنجام دەدرێت، ئامانج لێی ئەو تەوژمە ھەوایە ستوونیانەی لە نێو ھەورەکاندا دروست دەبن کە گەردیلەکانی ئاوی پێ چڕ دەکرێتەوە و قەبارەی گەردیلە ئاوەکانی پێ گەورە دەکرێت، لەم پڕۆسەیەدا پێکھاتەی (کلۆردیدی سۆدیۆم) بەکار دێت. 

٣- ھایگرۆسکۆپیک - Hygroscopic لەم تەکنیکەدا تەنھا چڕکردنەوەی دڵۆپە ئاوەکان ئەنجام دەدرێت، لە ڕێگای بەکارھێنانی پێکھاتەی (کلۆریدی کالیسیۆم)؛ چونکە لەم قۆناغەدا گەردیلە ئاوەکان قەبارەیان گەورەیە و تەنھا پێویستی بە چڕکردنەوەیان ھەیە لە کەش و ھەوایەکی گەرمدا بۆ دروستبوونی ھەرو و دابارین.

 

تۆکردنی ھەورەکان پێویستی بە چەند ھەل و مەرجێک ھەیە بۆ جێبەجێکردنی

١- ئەستووریی ھەورکە: ئەو ھەورەی ماددە کیمیاییەکانی پیدا دەپڕژێنرێت نابێت ئەستووریەکەی لە (٥٠٠) مەتر کەمتر بێت.

٢- پلەی گەرمی ھەورەکە: واباشتر پلەی گەرمیی ئەو ھەورەی ماددە کیمیاییەکانی پێدا دەپڕژێنرێت لە (-٥)° سیلیزی کەمتر نەبێت.

٣- بوونی ھەڵمی ئاو لە ھەوادا: ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی دەبێت لە بارانی دەستکردا، چونکە بوونی ھەڵمی ئاو لە ھەوادا یەکێکە لە گرنگترین مەرجەکان بۆ گەشەکردنی قەبارەی دڵۆپە ئاوەکان.

٤- جۆری ئەو ماددە کیمیاییانەی بەکار دێن: دەبێت ماددە کیمیاییە بەکارھاتووەکان بە بڕێکی دیاریکراو و گونجاو بخرێنە نێو بەرگە ھەواوە، بە جۆرێک ئەو بڕە کەم و زیاد نەبێت، لە گرنگترین ئەو ماددە کیمیاییانەی بەکار دێن بۆ ئەم پڕۆسەیە بریتین لە (کلۆردیدی سۆدیۆم، کلۆریدی کالیسیۆم، کلۆریدی پۆتاسیۆم، سلڤر ئایۆدایت).

 

ڕێگاکانی تۆکردنی ھەورەکان

ھەورەکان بە سێ ڕێگای جیاواز تۆ دەکرێن کە گرنگترینیان بریتین لە:

١- لە ڕێگای فڕۆکەوە 

٢- لە ڕێگای وێستگەی جێگیر لەسەر زەوی 

٣- لە ڕێگای موشەک، کە ئەم ڕێگایە بەکار دێت بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.

 

بوارەکانی بەکارھێنانی تۆکردنی ھەورەکان

١- کەمیی بڕی دابارین و جیاوازی لە بڕی دابارین لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان دادەنرێت لە جیھاندا، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە پڕۆسەی تۆکردنی ھەورەکان وەردەگیردرێت بۆ (ھاوسەنگردن و بەرزکردنەوەی) ئاستی دابارین لەو شوێنانەی کە بڕی دابارینیان کەمە.

٢- کەمکردنەوەی زیانە کشتوکاڵییەکان: یەکێکی تر لە بوارەکانی بەکارھێنانی ئەم پڕۆسەیە بریتییە لە کەمکردنەوەی زیانە کشتوکاڵییەکان. بە جۆرێک تۆکردنی ھەورەکان ھۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی زیانە کشتوکاڵییەکان، بە تایبەتی لە کاتی دروستبوونی کەشێکی سارد و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمی بۆ سفری سیلیزی لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان و لەناو نەچوونیان یاخود زۆربەی کات پێشبینی بارینی بڕێکی زۆری باران دەکرێت لە ناوچە کشتوکاڵییەکان، بۆیە ئەم پڕۆسەیە لە ناوچەیەکی تر ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی کاریگەری ئەو بڕە بارانە زۆرە نەگاتە ناوچە کشتوکاڵییەکان و زیان بە بەرووبوومەکان نەگەیەنێت.

٣- کەمکردنەوەی کاریگەری (تەم و مژ) لە فڕۆکەخانەکان بە تایبەتی لە وڵاتانی پێشکەوتوو. بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆسەی تۆکردنی ھەورەکان ئەنجام دەدرێت بۆ پەرتوو بڵاوکردنی ئەم تەمەی لە نزیک فڕۆکەخانەکان کۆ بۆتەوە، کە ئامانج لێی پەکنەخستنی کار و چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکانە.

لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی تۆکردنی ھەورەکان

لایەنە ئەرێنییەکان 

  •     گۆڕانی پلەی گەرمی
  •     زیادبوونی بڕی ئاو
  •     کەمبوونەوەی زیان و مەترسییە کشتوکاڵییەکان
  •     کەمکردنەوەی ڕێژەی وشکەساڵی لەو وڵاتانەی ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدەن و دووچاری دیاردەی وشکەساڵی بوونەتەوە.

 

لایەنە نەرێنییەکان

  •     شێوازی ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە کێشەیان ھەیە لە بڕی دابارین، بە تایبەتی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ؛ ئەم کردارەش زۆربەی کات ئیستیغلاکردنی ھەموو ئەو گەردیلە ئاوانەی لێ دەکەوێتەوە کە لە وڵاتێکی ترەوە بە ھەواوە ھەڵواسراون
  •     ئەو ماددانەی بەکار دێن لەم پڕۆسەیە ماددەی کیمیایین ھەربۆیە زیانی ھەیە بۆ (مرۆڤ و ڕووەک و ئاژەڵان) بە تایبەتی ماددەی (Silver Iodide و Aluminum Oxide) پێکھاتەیەکی ژینگەدۆست نین.
  •     کەش و ھەوا دیاردەیەکی سرووشتییە و کاتێک مرۆڤ دەستی بۆ دەبات بە ئامانجی گۆڕانکاری یان داھێنانێکی نوێ، کۆمەڵێک گۆڕانکاری ڕوو دەدەن وەکوو (گۆڕانی پلەی گەرمی و گۆڕانی ڕادەی شێ و بەرزبوونەوەی بڕی شێ لە ناوچەیەک کە کاریگەری لەسەر ناوچەیەکەی تر دەبێت).
  •     ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە لە ڕووی ئابوورییەوە تێچوویەکی زۆری پێویستە و پێویستی بە کەسانی پسپۆڕ و کارامە و چاودێریکردنی بارودۆخەکە ھەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە؛ بۆیە ئەمەش لە توانای ھەموو وڵاتێکدا نییە بۆ ئەنجامدانی. ھەربۆیە زۆرێک لەو وڵاتانەی پێویستیان بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە ھەیە بە ھۆکاری زۆری تێچووی ئابووری و نەبوونی کەسانی پسپۆڕ و کارامە لەم پڕۆسەدا بێبەش دەبن و زۆرجایش لە ئەنجام نەدانی ئەم کردارە زیانیان بەردەکەوێت.
  •     تۆکردنی هەورەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پیسبوونی هەوا. لە ئێستادا وڵاتی پاکستان پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە ئەم پڕۆسەیە جێبەجێ دەکات، ئەگەر چی پسپۆڕانی بواری ژینگە و کەش و ھەوا تێبینیان کردووە ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی ئەم پڕۆسەیە ئەنجام نەدرێت، ڕەنگە کارەساتی مرۆیی لێ بکەوێتەوە.

 

 

سەرپەیڤ