ئه‌یلوول 28, 2025 10:11 Asia/Tehran
  • هەموو زانیاریێک لەبارەی ڕووەکی پەڵپینە یان پرپرە

ئەم گیایە لە دوو جۆرە  پێک دێت: گەورە و بچوک؛ بەڵام هەر دووکیان دەخورێت. پەڵپینە گیایەکی عەرزەکییە و بەرز نابێتەوە، لقەکانی مەیلەو سوورە ،  گەڵاکانی وەک هێلکەی ورد وان  و ئەستوور و پڕ ئاون ، تۆوێکی وردی ڕەشی هەیە، ئەو گیایە زیاتر لەناو باخ و زەویە تەڕەکان دەڕوێت.

سوودەکانی پەڵپینە

  •     بۆ تای گەرم مەزاج و زیادکردنی شیری دایک و سووتانەوەی ڕێڕەوی میز باشە.
  •     بۆ شەکرە و ژانەسەری گەرم مەزاجان کە لە گەرمییەوە بێت باشە.
  •     بۆ چالاک کردنی چالاکیی جەرگ و بۆ بەردی گورچیلە لەگەڵ ئاوی قۆرە بخورێت.
  •     بۆ تێکچوونی گەدە پەڵپینە بە پیاز و کەمێک ڕۆن سوور دەکرێتەوە.
  •     بۆ ئەوانەی لاوازن و لەشیان وشکە و مەزاجیان گەرمە ماوەیەک پەڵپینە بخۆن هەموو ڕۆژێک لەشیان تەڕ و جوان دەبێت و قەڵەو دەبن.
  •     بۆ ئەوانەی نەخۆشی پێست و خروویان هەیە بیخۆن و ئاوەکەی بگرن بەکاڵی لە برین و شوێنی خرووی بدەن یان بە ئارد بیکەنە نێو خوێ و لەسەری ببەستن.
  •     ئاوی تازەی ڕەگەکەی یان دەمکراوی وشککراوی ڕەگەکەی بەخەستی لە مێخەکە بدرێت  فڕێی دەدات.
  •     ئەو گەنجەی کە زۆر دوودڵ دەبێت با ماوەیەک پەڵپینە بە کاڵی وەک سەوزە بخوات یان بە سرکە و ترش لەگەڵ نیسک بیکەن بە شۆرباو  و ڕۆژی جارێک نانی پی بخوات و لەو ماوەیەدا گۆشت و چەوری و شیرینی زۆر نەخوات چاک دەبێتەوە.
  •     ئەگەر دەنکەکانی بکوڵیت و بە ئاوی ئەو دەنکانە زیپکە و برینی ناودەم بیشۆیت و غەرغەرەی پێ بکەیت و بۆ گەرم مەزاج زۆر بەسوودە و بۆ منداڵیش دەبێت.
  •     بەکارهێنانی (٨٠-١٠٠)گرام ڕەگ و گەڵاکەی بە سەوزە یان بە شلە بخورێت بەڵام تۆوەکەی (٥-٢٠)گرام، سارد مەزاجن و بەڵغەمی مەزاجن نەیخۆن باشترە.
  •  

چۆنیەتی ئامادەکردنی شۆرباوی پەڵپینە

پەڵپینە یەکێکە لە خواردنەکان کوردەوارییەکانە و سوودێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنێت؛ ڕێگری لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان دەکات و چەورییە زیانبەخشەکان لە جەستە دەکاتە دەرەوە. لە ماڵەوە بەم ھەنگاوانە ئامادەی بکە.

پێداویستییەکانی

  •     نیو کیلۆ پەڵپینە
  •     کۆپێک نیسکی ھاڕاو
  •     نیو کۆپ برینج بەپێی ئارەزوو
  •     یەک کەوچکی چێشت ڕۆن
  •     خوێ بەپێی پێویست
  •     ئاوی گۆشت یان ماجی
  •     دوو کەوچکی چێشت دۆشاوی تەماتە
  •     یەک سەلکە پیازی جنراو
  •     ئاوی لیمۆ یان لیمۆ بەسرایی
  •     دوو کۆپ ئاوی تەماتەی تازە
  •     بیبەری تیژی ھاڕڕاو

ئامادەکردنەکەی

سەرەتا پەڵپینەکە ورد دەکرێت و دواتر دەشۆرێتەوە و لە سوزمەیەکدا دادەنرێت تاکوو ئاوی پێوە نەمێنێت. لە مەنجەڵێکدا پیازەکەی لەناو ڕۆندا بۆ سوور دەکرێتەوە؛ دۆشاو و ئاوی تەماتە و ماجی و نیسکی بۆ زیاد دەکرێت تاکوو بەتەواوی دەکوڵێن ، ئینجا وازی لێ دەھێنرێت. ئەگەر حەزت کرد برینجی تێ بکە؛ دواتر پەڵپینەکەی تێ دەکرێت لەگەڵ ئاوی لیمۆ و خوێ و بیبەرە تیژەکە، لەسەر ئاگر دادەنرێت تاکوو بەجوانی پێکەوە دەکوڵێن و کەمێک خەست دەبێتەوە. لەسەر ئاگر دادەگیرێت بە جیا لەگەڵ نان یان لەگەڵ پڵاو پێشکەش دەکرێت.

سەرپەیڤ