کانونی دوھەم 24, 2021 10:30 Asia/Tehran
  • کوژران و رفێنرانی ستافی گەمیەکی تورکیا لە لێوارەکانی نیجیریا

دوو سەرنشینی گەمیەکی تورکیایی کوژران و 15 کەسی دیکە لە نزیک لێوارەکانی نیجیریا رفێنران .

کەشتیەکی کانتینەری تورکیا بە ناوی مۆزارت لە کەنداوی گینەی کەناراوەکانی وڵاتی نێجیریا روبەڕوی ھێرشی چەتەکانی دەریا بوەوە و رفێندرا.

بەپێی ئەو راگەیاندراوە لەلایەن سەرۆکی گرووپی EOS Risk، دەیڤید جۆنسن بڵاوکراوەتەوە، کەشتییەکی تورکی بە ناوی مۆزارت کە سەربە کۆمپانیای بۆدانی تورکیایە بۆ کاروباری دەریاوانی و بنکە سەرەکییەکەی لە شاری ئیستانبوڵە، لە کەنداوی گینە روبەڕوی ھێرشی چەتەکانی دەریا بوەتەوە.

 ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەشتییە لە شاری لاگۆسی نێجیریاوە بەرەو شاری کیپ تاون بەڕێکەوتوە و لە کۆی 19 سەرنشینی کەشتییەکە 15 کەسیان رفێندراون و  دوو کەسیش کوژراون.

لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، سێ لە سەرنشینانی کەشتییەکە لەگەڵ چەتەکانی دەریا لە نێو کەشتییەکە ماونەتەوە.

لەو تۆمارە دەنگییەی کە لە تویتەر بڵاوکراوەتەوە و دەوترێ ھی کاپیتانی چوارەمی کەشتییەکەیە بە ناوی فورکان یارین-ە، دەڵێت، "بە شێوەیەکی کوێرانە ئاراستەی کەشتییەکە دەکەم، گشت کێبلەکانیان پچڕاندوە، ھیچ شتێک کارناکات، تەنها راداری کەشتییەکە کاردەکات، ئاڕاستەیەکیان پێ داوم، ئێستا کەشتییەکە بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبەم کە پێیانداوم".

سەرپەیڤ