حوزه‌یران 15, 2021 06:32 Asia/Tehran
  • «ئەردوغان» چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ «بایدێن» بە سودبەخش زانی

«ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی پەیمانی باکووری ئەتڵاسی(ناتۆ) لە بروکسێڵ وتی: چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ «جۆ بایدێن»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سودبەخش بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە میدیاکانی تورکیا، «ئەردوغان» ڕاشیگەیاندووە: لە چاوپێکەوتنەکەدا لە بارەی ھێندێک پرسی ناوچەکەو پەیوەندیی دوو قۆڵییەکان بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.

وتیشی: ئێمە لە چاوپێکەوتنە دوو قۆڵی و گشتییەکانیش دا بە ڕوونی باسی ئەوەمان کردووە کە دەبێ داکۆکیی واشێنگتۆن لە چەکدارانی کورد ڕاگیردرێت.

سەرۆک کۆماری تورکیا ھەروەھا وتیشی: لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ «بایدێن» سەبارەت بە ئەفغانستانیش قسە کراو ئێمە داوای بەشداریی پاکستان لە چالاکییەکانی خۆمانمان کرد لەو وڵاتەدا.

جەختی لەوەش کردەوە کە، بەھیواین کە لە ئەنجامی کشانەوەی لەشکرییەکانی بیانی لە ئەفغانستان گرفتێک دروست نەبێت و بۆ ئەمەش ھەوڵی خۆمان دەدەین.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە بارەی پەیوەندیی وڵاتەکەشی لەگەڵ ئەمریکا کە دوابەدوای بە فەرمی ناسینی قەڵاچۆی ئەرمەنەکان لە لایەن دەوڵەتی واشێنگتۆنەوە توشی ئاڵۆزی ھاتبوو، وتی: ھێندێک گرفتی چارەسەر نەکراو لەنێوان ئێمەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئارادایەو ئێمە بۆ بووژاندنەوەو پەرە پێ دانی ئەو پەیوەندییانە ھەمیسان ھەوڵ دەدەین.

سەرپەیڤ