کانونی دوھەم 01, 2026 17:50 Asia/Tehran
  • وەزیری بەرگریی تورکیا: دەبێ هەسەدە ئەرکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ بکات

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێ، پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە زووترین کات بەپێی رێککەوتنی 10ـی ئادار، ئەرکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێگە بە هەسەدە نادەن لە ناوچەکەدا درێژە بە چالاکییەکانی بدات و هیچ دۆخێکی تایبەت دروست بکات.

یاشار گولەر شەوی رابردوو لە گوتارێکدا کە لە ئەکادیمیایەکی سەربازی لە ئانکارا باسی پرۆسەی چارەسەری و رێککەوتنی ١٠ـی ئاداری نێوان هەسەدە و دیمەشقی کرد. گولەر بە ئاماژە بەوەی کە ساڵی ٢٠٢٥ وەرچەرخانێکی گرنگ بوو، وتیشی: لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی لەنێوخۆی وڵات و دەرەوەی سنوورەکان ئەنجاممان دان، توانا و جووڵەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانمان تاوەکو رادەیەکی زۆر سنووردار کرد. ئەم سەرکەوتنانەی بەدەستمان هێناوە، بەستێنی دەستپێکردنی ئامانجی تورکیای بێ تیرۆری رەخساندووە.

گولەر بە ئاماژە بەوەی کە گەیشتن بەم قۆناخە ئەنجامی تێکۆشانێکە کە باجی قورسی بۆ دراوە،. ڕاشیگەیاند: لەو پرۆسەیەدا رێگە نەدراوە رێڕەوێکی "تیرۆر" بە درێژایی سنوورەکان دروست بکرێ و ئەو پێگەیەی لە رووی سەربازییەوە لە مەیداندا بەدەستمان هێناوە، بە هاوکاریی دیپلۆماسی پشتیوانی لێکراوە.وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند؛ پێویستە هەسەدە بە زووترین کات بەپێی رێککەوتنی ١٠ـی ئادار، ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ بکات. گولەر وتیشی: "هەڵوێستی دەوڵەتمان لەم بارەیەوە روونە و هیچ جێگەیەکی بۆ دوودڵی نییە. جارێکی دیکە دەمەوێ بیری بهێنمەوە کە رێگە نادەین هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی و لە سەرووی هەموویانەوە پەکەکە/یەپەگە/هەسەدە، درێژە بە چالاکییەکانیان لە ناوچەکە بدەن.ناوبراو پێیداگرت: ئێستا بە هاوئاهەنگی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان و بە دیالۆگێکی نزیک لەگەڵ ئیدارەی سووریا، پرۆسەکە بە شێوەیەکی وریایانە بەڕێوەدەبەین و کارەکانمان بە بەرپرسیارێتی و هەستیارییەوە درێژە پێدەدەین.

وەزیری بەرگریی تورکیا هەروەها پێداگرت لەسەر ئەوەی کە ئامانجی کۆتایی ئانکارا کۆتاییهێنانە بە تیرۆر، پاککردنەوەی تەواوەتیی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و لەناوبردنی هەموو جۆرە هەڕەشەیەکە لەسەر ئەم ولاتە.

شایانی باسە ١٠ـی ئاداری ساڵی ٢٠٢٥ رێککەوتنێک لەنێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەبوومحەممەد جۆلانی سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا لە دیمەشق واژۆ کرا. ئەم رێککەوتنە کە لە ٨ خاڵ پێکهاتووە،یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیە لەگەڵ سوپای سوریا. 

سەرپەیڤ