تشرینی دووه‌م 29, 2021 22:31 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: لە ئیسرائیل نزیک دەبینەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، دوای نزیکبوونەوە لە ئیمارات، تورکیا هەنگاوی هاوشێوە ‏بۆ نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل و میسر دەنێت.‏

 

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، تورکیا هەنگاو دەنێت بۆ ‏باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میسر و ئیسرائیل هاوشێوەی ئەوەی لە چەند هەفتەی ‏ڕابردوودا لەگەڵ ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو گیرایەبەر و “بەرهەمدار بوو”.‏

بەپێی میدیاکانی تورکیا، ئەردۆغان لەمیانەی گەشتەکەیدا بۆ تورکمانستان لێدوانیداوە و ‏وتی، “ئیمارات پلانێکی وەبەرهێنانی بە بڕی 10 ملیار دۆلار داناوە، لەڕێی ئەو پلانەوە ‏دەتوانین ئایندەیەکی تەواو جیاواز بونیادبنێین”، ڕوونیشیکردەوە لە شوباتی داهاتوو ‏سەردانی ئیمارات دەکات.‏

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تەلئەبیب و قاهیرە، ئەردۆغان ‏نەیشاردووەتەوە، “هاوشێوەی ئەو هەنگاوەی گیرایەبەر لەگەڵ ئیمارات، هەنگاوی ‏هاوشێوە لەگەڵ ئەوانی دیکە دەگرینەبەر”.‏

هەفتەی ڕابردوو ئەنقەرە و ئەبوزەبی ڕێککەوتنێکیان بە بەهای ملیاران دۆلار واژووکرد، ‏ئەردۆغان هەنگاوەکەی بە ڕاگەیاندنی “سەردەمێکی نوێ”ی پەیوەندییەکان وەسفکرد.‏

لەکاتێکی پێشتری ئەم مانگەدا سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دەگمەنی ‏لەگەڵ نفتالی بینیت، سەرۆک وەزیرانی رژێمی زایۆنی ئەنجامدا، پاش ئازادکردنی دوو ‏هاوسەری ئیسرائیلی لەلایەن تورکیاوە کە بەهۆی وێنەگرتنی یەکێک لە کۆشکەکانی ‏سەرۆکایەتیی تورکیا دەستبەسەرکرابوون.‏

سەرپەیڤ