سەرچاوەیەکی سەربازی: تورکیاو سووریا لە بارەی بڕێک بابەتەوە خەریکی دانوستانن
کاربەدەستێکی سەربازی باسی دانوستانی نێوان سووریاو تورکیای کردووە لە بارەی کێشەکانی نێوان دوو وڵات .
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممە سپۆتنیک، سەرگورد «حەیدەر جەواد» سەرۆکی تاقمی دانوستانکاری سووریا لەگەڵ تورکیا وتوویەتی: تەوەرەی دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و ئانکارا پرسی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی فۆرات، ئامادە بوونی سەربازییانەی تورکیا، ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی ھەسەدەو مۆڵ درانی ھێزەکانی ھاوپەیمان و بە تایبەت ئەمریکا لە سووریادایە.
ئەم کاربەدەستە سەربازییەی سوپای سووریا ڕاپەڕێندرانی ڕێککەوتنی ئادێنا لە نێوان تورکیاو سووریای کە لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ١٩٩٨ واژۆ کرا، وەک تەوەرێکی دیکە ئەم دانوستانانە ناو بردو وتیشی: ھێندێک پێشکەوتنیش لەم بارەیەوە مسۆگەر کراوەو بە ھیواین چارەسەریی قەیرانی نێوان ھەردووک وڵاتەکەی لێ بکەوێتەوە.
سووریا گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە ڕێککەوتنەکەی ئادێنا بۆی ھەیە بەستێنێکی لەبار بۆ چارەسەریی قەیرانەکەی لەگەڵ تورکیا خۆش کات، بەڵام ئەم وڵاتە بە دەست درێژکاریی بەردەوام بۆ سەر خاکی سووریا گەلێک جار ئەم ڕێککەوتنەی پێشێل کردووە، ڕێککەوتنێک کە «ڕەجەب تەیب ئەردوغان» سەرۆک کۆماری تورکیا بانگەشەی کردووە کە سوپای تورکیا بە پێی ڕێککەوتنی ئادێنا خۆی بە مۆڵەت دراو دەزانێ بۆ چوونەنێو خاکی سووریا.