ئەردۆغان شەش حزبی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا بە هاوکاری کردنی PKK تۆمەتبار دەکات
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەڕێوەچوونی بەرنامەی یادەوری ١٥ی تهمووزدا شەش حزبی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی بە هاوکاری کردنی PKK تۆمەتبار کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا باسی لە شەوی ١٥ی تەمووز کرد کە تیایدا رێکخراوی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ) هەوڵی کودەتای دا و گوتی: ''با بزانین ئەو شەوە (١٥ی تەمووز) وەک هاوپەیمانی جمهور چۆن خەباتمان سەلماند لە قۆناغی داهاتووشدا بەردەوامبین لە سەلماندنی".
گوتیشی: ''پێداگرانە بەردەوام دەبین لەسەر بنیاتنانی تورکیای گەورە و بەهێز بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وڵاتەکەمان رووبەڕووی بەڵاکانی وەک ١٥ی تەمووز نەبێتەوە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هەوڵەکانی دژبە تورکیا رایگەیاند: ''لە سەردەمێکدا کە سەرلەنوێ ناوەندە سیاسیی و ئابوورییەکان دادەڕێژرێنەوە، ئەو دەرفەتە ناڕەخسێنین بۆ ئەوانەی بە دوایەوەن و خوازیارن جارێکی دیکە وڵاتەکەمان وەلابنێن".
لە کۆتاییداسەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رووی دەمی کردە شەش پارتە ئۆپۆزسیۆنەکەی تورکیا و گوتی: ئەوان بە دوای شتێکی دیکەوەن، ئەوان لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەدا بەیەکەوە کار دەکەن.