ئه‌یلوول 17, 2022 17:24 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان داوای کردووە چاوی بە ئەسەد بکەوێت

سەرۆکی تورکیا رایگەیاندووە کە خواستی ئەوەی هەبووە لە لوتکەی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە ئۆزبەکستان چاوی بە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا بکەوێت.

 

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "حوڕریەت"ی نزیک لە حکومەتی تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا  ئەوەی رایگەیاندووە  بەڵام وتویەتی ئەسەد بەشداریی لوتکەکە نابێت بۆیە ناتوانێت بیبینێت.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا چەند جارێک لەگەڵ عەلی مەملووکی هاوشانە سورییەکەی کۆبۆتەوە، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەی رووسیادایە بۆئەوەی بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بتوێتەوە کە لەساڵی 2011 و لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆی سوریا پچڕاوە.

ئەو پاشەکشەیەی ئەردۆغان لەبەرامبەر دیمەشق لەکاتێکدایە کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام سەرۆکی تورکیا جەختی لەوەکردۆتەوە کە هیچ چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا بەبوونی بەشار ئەسەد بەئەنجام ناگات، جەختیشی کردۆتەوە کە دەبێت ئەسەد دەسەڵات جێبهێڵێت.

ھەروەھا تا ئێستاش بەشێکی خاکی سوریا لە لایەن ئەرتەشی تورکیاوە داگیرکراوە و ھێزەکانی تورکیا لە چەندین گروپی تیرۆریستی بەرھەڵستکاری سوریا پشتیوانیی دەکەن . 

 

سەرپەیڤ