ئه‌یلوول 27, 2025 17:36 Asia/Tehran
  • ئەردۆغان: وتەکانی نەتانیاهۆ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن هیچ کەسێکەوە گوێی نەدرایه

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی بۆسفۆر ڕایگەیاند: نەتانیاهۆ، سەرۆکی باندی جینۆساید،  هیچ بیسەرێکی بۆ درۆ و هەڕەشەکانی لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نەدۆزیەوە و بۆ هۆڵێکی چۆڵ قسەی کرد.

ئەردۆغان وتی: دانپێدانان بە وڵاتی فەلەستین هەنگاوێکی گرنگە هەرچەندە درەنگیش بێت، بەڵام ئایا نەدەکرا پێش ئەوەی ٦٥ هەزار کەسی بێتاوان بکوژرێن، بەرگری لە فەڵەستین بکرێت؟

ئەردۆغان هەروەها وتی، گەڕی بێکۆتایی شەڕەکان کۆتایی نایەت و ناسەقامگیری جێگەی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیی گرتووەتەوە. ئەو سیستەمەی کە لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لەلایەن زلهێزە سەرکەوتووەکانەوە دامەزرا، نەک هەر کاریگەریی خۆی، بەڵکو متمانە و ڕێزیشی لەدەست داوە. بنکەیەکی وەکوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە ئامانجە بنەڕەتییەکەی ڕێگریکردنە لە کارەساتی مرۆیی، ئێستا لە کلیلی چارەسەرەوە گۆڕاوە بۆ بەشێک لە خودی کێشەکە.

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان وەها درێژەی بە قسەکانی دا و وتی، ئێمە ناتوانین چاومان لەسەر ئازار و ستەم و ململانێ بێکۆتاکانی ناوچەکە  دابخەین، تەنانەت ئەگەر هەمووان بێدەنگ بن؛ برسێتی وەک چەکێکی کۆمەڵکوژی لە غەززە بەکار دەهێنرێت. ئێمە یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش دەستەبەرکردنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدایە و تورکیاش هەر کارێک پێویست بێت بۆ ئەم ئامانجە دەیکات. هەر گیانێکی لەدەستچوو لەسەر شەقامەکانی غەززە، یەمەن، سووریا، سوودان و سۆماڵ، بەشێکە لە ئێمە. ئێمە سڵاومان بۆ بەشداربووانی کەشتیی "سەموود" دەنێرین کە ڕووبەڕووی تیرۆری ڕژیمی زایۆنی دەبنەوە و داواکارین لە خودای گەورە ڕێگایان بۆ خۆش بکات و پشتگیریان بکات.

سەرپەیڤ