ئه‌یلوول 01, 2016 11:36 Asia/Tehran
  • روسێف: بێ تاوانم

دیلما روسێف سەرۆک کۆماری بڕازیل پاش لادرانی لە دەسەڵات رۆژی چوارشەممە لە ئاخافتنێک دا وێڕای پێداگری لەسەر بێ تاوان بوونی خۆی وتی: سینا بە دەنگ دانی بە لەکار لادانی من گەورەترین نادادپەروەریی مێژووی ئەو وڵاتەی دەرحەق بە من کرد.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا و لە زمان هەواڵدەریی ئەوروپا پرێس، رۆسێف لە لێدوانێکی دا بۆ ماڵئاوایی لە بڕازبلییەکان وتی: ڕۆژی (چوارشەممە) ئەنجومەنی سینا پێی ناوەتە گەورەترین ناداپەروەریی مێژوو.ئەوان بڕیاران دا یاسای بنەڕەتی پێشێل بکەن.ئەوان کەسێکی بێ تاوانیان حوکم دا.

لە کۆبوونەوەی رۆژی ڕابردووی سینای بڕازیل،61 نوێنەر دەنگی ئەرێیان دا بە لەکارلادانی رۆسێف و 20 نوێنەریش دەنگی نایان دا.

رۆسێف چەند مانگ پێش بە تۆمەتی گەندەڵیی دارایی لە پۆستەکەی هەڵپەسێردرابوو.

رۆسێف پاش ئەو دەنگ دانە وتی هەر بەو چەشنە لە سەرۆکایەتی  کۆمار دەست دەکێشێتەوە کە رۆژی هەوەڵ ئەو پۆستەی وەرگرت، واتە بێ ئەنجام دانی هیچ چەشنە کردەوەیەکی نایاسایی، بە بێ خیانەت کردن بە سوێند و بەڵێنییەکانی، بە سەربەرزی و ئەڤین و خۆشەویستی بڕازیلییەکان.

سەرۆک کۆمارە دەرکراوەکە درێژەی دا: من بە ڕاستییەوە ژیام.باشترینەکارم ئەنجام دا.لە بەرپرسایەتییەکان هەڵ نەهاتم. بە مەینەت و کوێرەوەری خەڵک داچڵەکام، بە خەبات لە دژی هەژاری و نەبوونی گوڕ و تینم گرت و دژی نا یەکسانی ڕاوەستام.

رێبەرە چەپاژۆکەی بڕازیل جەختیشی کرد دەنگی ناڕەزایەتی لە تەواوی ئەو دام و دەزگایانەی دەنگیان دا بە لێپرسینەوەی هەڵدەبڕێ.

میشێل تێمێر سەرۆک کۆماری نوێی بڕازیل سوێندی یاسایی خوارد و جێگای رۆسێفی گرتەوە.