کانونی دوھەم 06, 2018 09:54 Asia/Tehran
  • پیلانگێڕیی ئەمریکا دژ بەئێران، لە ئەنجومەنی ئاسایش بێ ئاکام ما

دانیشتنی دوێشەو(هەینی)ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بە تەورەی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە لە ئێران کە لەژێر گوشاری ئەمریکادا بەڕێوە چوو، بێ هیچ ئاکامێک کۆتایی پێهات.

پێش بەڕێوەچوونی ئەو دانیشتنە لەسەر داوای ڕووسیا ، دانیشتنێک لەپشت دەرگا داخراوەکان بەڕێوە چوو هەتا دەربکەوێ ئاخۆ زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش خوازیاری بەڕێوە چوونی وەها دانیشتنێکن؟ لەدانیشتنی نائاشکرای ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمریکا بەگوشار توانی زیاتر لە نیوەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش(٩ لە١٥) بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئاشکرا بەدەست بێنێ.

بەڵام لە دانیشتنی ئاشکرای ئەنجومەنی ئاسایش زۆربەی ئەندامان لەهەمبەر ئەمریکادا ڕاوەستان و ڕێگەیان نەدا واشنگتۆن لەو هەلە بۆ گەیشتن بەئامانجە سیاسییەکانی کەڵک وەربگرێ.

نیکی هەیلی نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لەڕێکخراوی نەتەوەکان کە وڵاتەکەی خاوەن دۆسییەیەکی ئەستورە لە دەسوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران، لەدەسپێکی ئەو دانیشتنەدا پێی داگرت ، واشنگتۆن لەئاژاوەچیان لە ئێران بەتەواوەتی داکۆکی دەکا.

بەڵام فرانسوا دێلاترە نوێنەری فەڕانسە لە ڕێکخراوی نەتەوەکان لەو دانیشتنەدا خوازیاری دەسوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی ئێران بوو و وتی: ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە ئێران، جێی مەترسی نییە بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی.

نوێنەری بولیڤیش لەو دانیشتنەدا خوازیاری ڕێزدانان بۆ مافی سەروەریی وڵاتان بوو و وتی: تاووتوێی پرسە ناوخۆییەکانی ئێران لەدەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشدا نییە.

نوێنەری بولیڤی وتیشی: ئەمریکا، ئەنجومەنی ئاسایشی کردۆتە ئامرازێکی سیاسی.

نوێنەری کوەیتیش لەو دانیشتنەدا بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە سەقام و ئاسایشی ئێران، سەقام و ئاسایشی ناوچەو جیهانە، وتی: ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە لە ئێران، پرسێک نییە کە هاوپێوەند بێ بە پرسە جیهانی و ناوچەییەکان.

نوێنەری کۆماری گینەی ئۆستواییش لەو دانیشتنەدا نەیارەتی وڵاتەکەی ڕاگەیاند لەگەڵ هێنانەئارای پرس و گرفتە ناوخۆییەکانی ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشدا.

نوێنەری هۆلەندیش لەو کۆبوونەوەدا وتی کە بارودۆخ لە ئێران هێمنە.

نوێنەری چینیش خوازیاری ڕێزدانان بۆ یەکپارچەیی خاک و مافی سەروەریی وڵاتان بوو و وتی: ئەنجومەنی ئاسایش نابێ خۆی لە پرسە ناوخۆییەکانی وڵاتانی دیکەدا هەڵقورتێنێ.

 واسیلی نەبنزیا باڵوێزی ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوەکانیش لەو دانیشتنەدا جەختی کرد: "بۆ هەمووان ڕوون وئاشکرایە کە بەرنامەیەک کە ئەمڕۆ خراوەتە نێو بەرنامەی کاری ئەنجومەنی ئاسایش، هیچ پەیوەندییەکی نییە بە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی ئەو ئەنجومەنە. ئەمریکا نابێ ئەو ئەنجومەنە لاواز بکات."

«غیرت عمروف» نوێنەری قەزاقستانیش کە وڵاتەکەی سەرۆکایەتی دەورەیی ئەنجومەنی ئاسایشی لەئەستۆیە، لەکۆتایی ئەو دانیشتنەدا وتی: ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە لە ئێران هیچ پەیوەندییەکی نییە بە ئاسایشی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی و لەتوانای ئەنجومەنی ئاسایشدا نییە کە بەو پرسە ڕابگات.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارێک لە خەڵک لە چەند شاری ئێران، بەسازدانی گردبوونەوەو دانی دروشمگەلێک، بەنادیاربوونی چارەنووسی کەسانی زیان وێکەوتووی دامەزراوە دراڤییەکان و گرانبوونی نرخی بڕێک کاڵاو شتومەک و لاوازیی چاودێریی دەوڵەت، ناڕەزایەتییان دەربڕی کە ژمارێک لەو کۆڕ و گردبوونەوانەی ناڕەزایەتی دەربڕینانە لە لایەن کەسانی هەلخواز و ئاژاوەچی ، شێواو ئاڵۆزکاو بوو.

بەرپرسانی ئەمریکی و میدیا بیانییەکان بە کەڵک وەرگرتنی ناڕەوا لەو گردبوونەوە جەماوەرییانە هەوڵیان دا، ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانە بەئاراستەی بشێوی و ئاڵۆزکاوی پاڵپێوەنێن .

بەڵام گەلی ئێران لە ڕۆژی چوارشەممەوە بە بەرپاکردنی ڕێپێوانی بەرفراوان و خۆڕسک لە شارە جیاجیاکان، ڕق ونەفرەتی خۆیان لە پیلانی نوێی دوژمنان و هەلخوازیی ئاژاوەچیان بۆ لەناوبردنی سامانە گشتییەکان دەربڕی.

سەرپەیڤ