دەسپێبونی دیداری سەرانی ئەمریکا و کۆریای باکوور هاوڕێ لەگەڵ لێژنە دیپلۆماتیکەکان
پاش کۆبوونەوەی دولایەنەی سەرانی ئەمریکا و کۆریای باکوور، دیداری دوو لایەن بە هاوڕێیەتی لێژژنەی دیپلۆماتیک بە چوونەدەری هەواڵنێران دەست پێبوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممەی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز؛ :"دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا و "کیم جونگ ئون"ی ڕێبەری کۆریای باکوور پاش ٤١ خولەک کۆبوونەوەی دوولایەنە لە پشتی دەرکەی داخراو، هاتنە بەر کامێرای هەواڵنێرانەوە.
ترەمپ هیوای خواست دوولایەن بە هاوکاریی یەکتری پرس و بابەتەکان بخەنە بەر باس و لێکدانەوە و "ئون" لە وەڵام دا بە پێداگری لەسەر لە ئارادا بوونی کێشە و گرفتی بەردەم، راشکاوانە ڕایگەیاند گەیشتن بەم قۆناغە هاسان نەبووە.
لەم کۆبوونەوەیەدا "مایک پۆمپێئۆ"ی وەزیری دەرەوە، "جان کلەی" سەرۆکی فەرمانبەرانی کۆشکی سپی، و "جان بۆڵتۆن"ی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، هاوڕێیەتی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکەن و "کیم یونگ چول" جێگری ڕێبەری کۆریای باکوور، "ڕی یونگ هو" وەزیری دەرەوە و "ڕی سو یونگ" وەزیری دەرەوەی پێشوویی کۆریای باکوور، هاوڕێیەتی ڕێبەری کۆریای باکوور دەکەن لەم کۆبوونەوەیەدا.
"ترەمپ" و ئون" یەکەم دیداری سەرانی ئەمریکا و کۆریای باکوور لە مێژوودا پاش ساڵەهای ساڵ دەمەقڕە و ئاڵ و وێری جنێو و قسەی پڕسووکێتی بەڕێوە دەبەن.
ئەمریکا و کۆریای باکوور لە ماوەی ٦٥ ساڵی ڕابردوودا و پاش شەڕی کۆریا 53-1950 تا ئیستا دوژمنی تۆکمە و تەواوی یەکتری بوون.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوە چوو کە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا خاوەنی کەسایەتییەکی پێشبینی نەکراوە و لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا وڵاتەکەی لە چەن ڕێککەوتن و پەیمانێکی نێودەوڵەتی بە شێوەی یەک لایەنە و بە پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان هێناوەتە دەرەوە کە نموونەی زەق و بەرچاوی چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین، ڕوویسیا و ئەڵمان) بوو.
کارناسان و شرۆڤەکارانی پرسە نێودەوڵەتییەکان بڕوایان وایە کە لەبەر کەسایەتیی نائاسایی و پێشبینی نەکراوی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەگەری زۆرە لەم دانوستانانەدا هەر شتێک ڕوو بدات و تەنانەت بە چوونەدەری پێشبینی نەکراوی یەکێک لە دوو لایەن لەو کۆبوونەوانە، دانوستانەکە بەرەوڕووی شکست بێتەوە.