فەرەنسا: ڕەت کردنەوەی پشتیوانیی ئایدۆلۆژیک لە مونافقین
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بانگەشەی کرد: دەوڵەتی ئەم وڵاتە پشتیوانی ناکات لە ئایدۆلۆژیا، ئامانج و چالاکییەکانی گرووپی موجاهدین (مونافقین).
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز؛ کاربەدەستێکی دیپلۆماتیک لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بە پشتراست کردنەوەی بانگ کرانی باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە تاران لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێرانەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ساڵانەی موجاهدین لە پاریس وتی: هەروا کە باڵیۆزی فەرەنسا لە تاران جەختی کردووە، پاریس پشتیوانی ناکات لە ئایدۆلۆژیا، ئامانج و چالاکییەکانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق.
ئەم کاربەدەستە فەرەنسییە وتی: بە پێی ئەم ستراتژییەی دەوڵەتی فەرەنسا، هیچ کاربەدەستێکی فەرەنسی لە کۆبوونەوەی موجاهدین (مونافقین) بەشداری نەکرد بەڵام لەبەر ئەوەی ئیتر ناوی ئەم گرووپە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەورووپادا نەماوە، ئەم ڕێکخراوەیە دەتوانێ کۆبوونەوە و چالاکییەکانی خۆی بە بێ تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتیی بەڕێوە ببات.
لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی گرووپی تیرۆریستیی مونافقیندا لە پاریس، سیاسەتوانانی بەناوبانگ لە ئەمریکا، کەنەدا و ژمارێک وڵاتی ئەرووپایی بەشدارییان کردبوو.
"ڕوودی جولیانی" سەرۆکی لێژنەی مافەوانیی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکایش لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی ئەم گرووپەدا بە ئاماژە بە ئاڵۆزییەکانی مانگی ژانڤییە لە ئێران، دانی نا بەوەیدا کە ئەو چەند خۆپیشاندانە هەروا لە خۆڕا ڕووی نەدا، بەڵکوو دەورگێرانی کەسانی سەر بە ئێمە لە ئەڵبانیا کە میوانداری کەمپی موجاهدینە و زۆر کەسایەتییەکی دیکەی سەر بە ئێمە لە ئەورووپا و سەرانسەری جیهانی ڕۆڵیان تیادا ھەبوو.
گرووپی تیرۆریستیی مونافقین بە داکۆکیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لە سەدان پەلاماری تیرۆریستیدا لە ماوەی ساڵانی رابردوو، نزیکەی ١٧ هەزار شاروومەندی ئێرانیان تیرۆر کردووە.