ڕادەست کرانی ڕۆفاتی لەشکریانی ئەمریکی لە لایەن کۆریای باکوورییەوە
کۆریای باکووری ڕۆفاتی کۆمەڵێک لە لەشکرییە کوژراوەکانی ئەمریکی لە شەڕی ھەردووک کۆریا لە ماوەی ساڵانی 1950 - 1953 ی ڕادەستی ئەمریکا کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی یونھاپی کۆریای باشووری، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ھەینی فڕۆکەیەکی بارھەڵگری ھێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە شاری وێنسان لە باکووری ڕۆژھەڵاتی کۆریای باکووری نیشتەوەو ڕۆفاتی کۆمەڵێک لە لەشکرییە کوژراوەکانی وڵاتەکەی لە کاربەدەستانی پیونگ یانگ وەرگرتەوە.
کۆریای باکووری ژمارەی ڕۆفاتی لەشکرییە کوژراوەکانی ئەمریکای لە شەڕی ھەردووک کۆریادا ڕانەگەیاندووە، بەڵام کاربەدەستانی ئەمریکی ژمارە ڕۆفاتی ئەو لەشکرییانەی خۆیانیان ٥٥ کەس ڕاگەیاندووە.
گەڕاندنەوەی ڕۆفاتی لەشکریانی ئەمریکا کە لە شەڕی ھەردووک کۆریا لە ماوەی ساڵانی 1950 - 1953 دا کوژراون لەو ڕێککەوتنانەی دیدارەکەی نێوان داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکاو کیم جونگ ئونی ڕێبەری کۆریای باکووری لە دانیشتنەکەی ١٢ی ژوئەن لە سەنگاپووردا بووە.
کۆریای باکووری بە گوێرەی ئەو ڕێژەیەی کە لە بەر دەست دایە لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینییەوە ھەتاکو ئێستا ٦٢٩ دەستەی ڕۆفاتی لەشکرییە کوژراوەکانی ئەمریکای لە شەڕی ھەردووک کۆریادا گەڕاندووەتەوە بۆ ئەو وڵاتە.
«داناڵد ترەمپ»ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ھەتاکو ئێستا چەندین جار دانیشتنەکەی١٢ی ژۆئەنی٢٠١٨ی خۆی لەگەڵ «کیم جونگ ئون» ی ڕێبەری کۆریای باکوور بەسەرکەوتنێکی مەزن لە قەڵەم داوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دیدار و دانوستانی ترەمپ لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکوور لەگەڵ ڕەخنەو گازندەی بەرفراوانی ژمارێک لە یاسادانەرانی ئەمریکی دا بەرەوڕووبووەتەوە.