کانونی یه‌که‌م 14, 2018 12:17 Asia/Tehran
  • دانوستانەکانی کۆریای باکوور و ئەمریکا گەیشتە چەق بەستوویی

هەواڵدەریی فەرمیی کۆریای بوکوور ڕایگەیاند کە دانوستانی ئەتۆمیی نێوان پیونگ یانگ و واشینگتۆن گەیشتۆتە چەق بەستوویی.

هەواڵدەریی فەرمیی کۆریای باکوور ڕۆژی هەینی بۆ یەکەم جار بە بڵاو کردنەوەی بابەتێک ڕاشکاوانە باسی ڕاگیردران و بە چەق بەستوویی گەیشتنی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و ئەمریکای کرد و هۆکارەکەیشی گەڕاندەوە سەر سیاسەتی دوژمنکارانە و بایکۆتەکانی واشینگتۆن دژ بە پیونگ یانگ.

لە راپۆرتەکەی هەواڵدریی کۆریا باکووردا هاتووە کە ئەمریکا بە زۆرەملی و بایکۆت داسەپاندن بە سەر پیونگ یانگ هەرگیز ناتوانێ بگاتە ئامانجکەی کە چەکداماڵینی ئەتۆمیی شێوەدوورگەی کۆریایە.
بە پێی ئەم راپۆرتە؛ کۆریای باکوور هەوڵێکی زۆری داوە بۆ سەرکەوتوو بونی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام واشینگتۆن تا ئێستا یەک هەنگاوی بە کردەوەیشی لەو بوارەدا هەڵنەگرتووە.

کاربەدەستانی کۆریای باکوور و ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەی ١٢ی ژوەنی ٢٠١٨دا لە سەنگاپوور جەختیان کرد لە سەر ئاشتی و پاوەجێی لە شێوەدوورگەی کۆریا بەڵام تەنیا ١٠ ڕۆژ پاش ئەو دیدارە "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ماوەی بایکۆتە ئابوورییەکانی دژ بە پیونگ یانگی بۆ یەک ساڵی دیکە نوێ کردەوە.

ئەمریکا سوور و پێداگرە لە سەر بەردەوام بوونی بایکۆتەکان هەتا ئەو کاتەی هەموو چەک و چۆڵی ئەتۆمیی پیونگ یانگ تیادەچێ.

کۆریای باکووریش لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەمریکا لە دانوستانەکانی چەکداماڵینی ئەتۆمیی شێوەدوورگەی کۆریا ڕاستبێژ نییە و زۆر خاڵێکی ناڕوون و تەماوی لە بەرنامە و ستراتژییەکانیدا بەدی دەکرێ.

سەرپەیڤ