ڕووسیا: مووشەکی نێوانبڕ لە کوبا جێگیر ناکرێن
جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: مۆسکۆ، پرسی جێگیرکرانی مووشەکی نێوانبڕ لە کوبای لەگەڵ بەرپرسانی هاوانا باس نەکردووە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی تاس؛ "سێرگئی ڕیابکۆف" رۆژی هەینی لەنێو پەیامنێراندا وتی: بەرپرسانی مۆسکۆ و هاوانا پرسی جێگیرکردنی مووشەکی ڕووسی نێوانبڕ و کورتبڕ لەکوبا تاووتوێ ناکەن و هیچ هۆیەکیش بۆ ئەو کارە لەئارادانییە.
ریابکۆف وتی: هەربەوجۆرەی کە چەندین جار ڕامانگەیاندووە، هەتا کاتێک کە ئەمریکا ئەو سیستەمە مووشەکیانە جێگیر نەکا، لایەنی ڕووسی هیچ هەنگاوێک نانێ لەوبارەوە لەهیچ شوێنێکی جیهاندا.
"ڤلادیمیر پوتین" سەرۆک کۆماری ڕووسیا رۆژی پێنج شەممەش وتی: ئەمریکاو وڵاتانی ئوروپایی تائێستا کاردانەوەیان پێشان نەداوە بە دەسپێشخەریی مۆسکۆ لەمەڕ ڕاگرتنی جێگیرکرانی مووشەکی نێوانبڕ و کورتبڕ لەناوچە جیاجیاکانی جیهان.
پوتین هەروەها وتی: ڕووسیا تاکاتێک کە سیستەمی هاوشێوەی سیستەمی ئەمریکی جێگیر نەکرێن، هەنگاوێکی هاوچەشنی نابێ و چاوەڕوانە ئوروپییەکان و ئەمریکاش بەو جۆرە ڕەفتار بکەن.