کانونی دوھەم 07, 2020 10:41 Asia/Tehran
  • دیسان چین ڕەخنەی لە ئەمریکا گرتەوە لەبەر تیرۆر کردنی سەردار سولەیمانی

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند؛ شەڕنانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژاوای ئاسیا بۆتە هۆی بنپێ کرانی یاسا و ڕێسا و پرەنسیپەکان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا و ئەو سیاسەتە دژ بە ویست و ورەی بەرزی جەماوەرە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەڤزیۆنیی ڕۆیتێرز؛ "گانگ شوانگ" ڕۆژی دووشەممە لە کاردانەوە بە تیرۆر کرانی سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەری هێزی قودسی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران وتی ؛ شەڕنانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژاوای ئاسیا بۆتە هۆی بنپێ کرانی یاسا و ڕێسا و پرەنسیپەکان لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا و تەشەنەی کێشە و ناکۆکییەکان و ئاڵۆزی و ناپاوەجێی زیاتری بە دواوە بووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتیشی: پکەن بەردەوام نەیاری دەکارهێنانی زەخت و زۆر  لە پێوەندییە  نێودەوڵەتییەکاندا بووە و لەسەر ئەو بڕوایەیە کە دەکار هێنانی ئامرازی سەربازیی نائاسایی و  و زەخت و گوشار بە هیچ لەونێ ڕێگاچارەیەکی باش نییە و ئەنجامی باشی لێناکەوێتەوە.

سەرداری ژەنەراڵ "قاسم سولەیمانی" فەرماندەری هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کە سەر لەبەیانی ڕۆژی هەینی (سێهەمی ژانڤییە) بە بانگهێشتی فەرمی کاربەدەستانی ئێراق سەردانی ئەم وڵاتەی کردبوو هاوڕێ لەگەڵ "ئەبوومەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆکی هێزەکانی حەشدی شەعبی و ٨ کەسی دیکە لە پەلاماری ئاسمانیی هێزەکانی دەسدرێژکار و تیرۆریستیی  ئەمریکایی لە نزیکی فڕۆکەخانەی بەغدای پێتەختی ئێراق شەهید بوو.

بە پێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی شەڕی ئەمریکا "پێنتاگۆن"،  فەرمانی ئەو پەلامارە ئاسمانییە لە لایەن "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەوە دەرکرابوو.

زۆرێک لە وڵاتانی ناوچە و جیهان ئەو کردەوە تیرۆریستییەی ئەمریکایان ئیدانە کردووە.

سەرپەیڤ