هەژماری قوربانیانی کرۆنا لە چین گەیشتە ١٦٦٥ کەس
بە مردنی ١٤٢ کەسی دیکە لە تووشبوان بە ڤارۆسی کرۆنا؛ ڕێژەی قوربانیانی ئەو نەخۆشییە لە چین گەیشتە ١٦٦٥ کەس.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز؛ کۆمیسیۆنی تەندرووستیی نیشتمانیی چین ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ١٤٢ کەس زێدە بووە بە هەژماری قوربانیانی کرۆنا و ٢٠٠٩ کەسی دیکەیش زێدە بوون بە هەژماری تووشبوانی ئەو ڤایرۆسە لە وڵاتی چیندا.
بەم چەشنە هەژماری قوربانیانی ئەو نەخۆشییە گەیشتۆتە ١٦٦٥ کەس و ژماری تووشبوانی لە سەرانسەری چین گەیشتۆتە زیاتر لە ٦٩ هەزار کەس.
زۆربەی تووشبووان و قوربانیان دانیشتووی پارێزگای "هوبی"ین کە ڤایرۆسی کرۆنا لەوێوە بڵاو بوویەوە.
ڤایرۆسی کرۆنا تا ئێستا کاریگەریی زۆر نالەباری لە سەر ئابووریی چین بەتایبەت بەشی گەشتیارییەکەی هەبووە. لە دەرەوەی چینیش نزیکەی ٥٠٠ کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کرۆنا ناس کراون و تا ئێستا چوار کەس لە ژاپۆن، هۆنگ کۆنگ، فیلیپین و فەرەنسا لەبەر تووش بوون بەو نەخۆشییە گیانیان لە دەست داوە.
چێن پێشتریش ئەزموونی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی بکوژی سارسی لە ساڵی ٢٠٠٣ هەبووە. سارس دەبووە هۆی بەدیهاتنی کێشەیەکی قورس بۆ کۆئەندامی هەناسە و هەر لەو ساڵەدا نزیکەی ٧٥٠ کەسی کوشت.