ئادار 01, 2020 09:03 Asia/Tehran
  • داکشانی ڕەوتی قوربانیانی کرۆناڤایرۆس لە چین

وەزارەتی تەندرووستیی چین سەر لە بەیانی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣٥، کەس بە هۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی کرۆنای نوێ ناسراو بە "کۆڤید١٩" گیانیان لە دەست داوە.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ کاربەدەستانی وەزارەتی تەندرووستیی چین هەروەها رایانگەیاند کە بە هێنانە ئەژماری ئەو ٣٥ کەسە، هەژماری گیان لە دەست داوانی نەخۆشی کۆڤید١٩ گەیشتۆتە  دوو هەزار و ٨٧٠ کەس.

بە پێی راپۆرتی کاربەدەستانی چین، هەروەها ڕۆژی شەممە توشبوونی ٥٧٣ کەسی دیکە بە نەخۆشی کرۆنا پشت راست کرایەوە و بەم چەشنە  هەژماری توشبوانی ئەو نەخۆشییە گەیشتە ٧٩ هەزار و ٨٢٤ کەس.

کۆریای باشوور

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگری نەخۆشییەکان لە کۆریای باشوور، لەم وڵاتەدا ٣٧٦ کەسی دیکە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا تووشی کرۆنا بوون. سەرجەم تووشبوانی ئەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە لەم وڵاتە گەیشتە ٣ هەزار و ٥٢٦ کەس.

پاکستان

زەفەر میرزا وەزیری تەندرووستیی پاکستانیش باسی تووشبوونی ٢ کەسی دیکە بە نەخۆشی کرۆنا لەم وڵاتەی کرد.

بەهێنانە ئەژماری ئەو کەسانە، هەژماری تووشبوان بەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە گەیشتە ٤ کەس.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە دێسەمبەری ٢٠١٩ـەوە لە شاری "ڤووهان" لە پارێزگای "هۆبێئی" هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی چین دەست پێ بووە و وادیارە سەرچاوەکەیشی ئاژەڵی کێویی (شەمشەمەکوێرە، مار و ...)  بوە.

ئەو ڤایرۆسە ئێستاکە جگە لە ٣٠ پارێزگای چین، لانیکەم  ٥٩ وڵاتی دیکە لەوان ئێران، ئەمریکا، بەریتانیا، ئۆسترالیا، تایلەند، کۆریای باشوور، ژاپن، کەنەدا، فەرەنسا، عەرەبستان و  ئیماراتی تووش کردووە.

بە پێی دوایین ڕێژە و ئامار، تا ئێستا لانیکەم ٨٥ هەزار کەس لە جیهاندا توشی ئەو ڤایرۆسە بوون کە لەو هەژمارە نزیکەی ٣٩ هەزار کەس خۆش بوونەتەوە و نەخۆشخانەیان بەجێ هێشتووە و زیاتر لە ٢٩٠٠ کەسیش گیانیان لە دەست داوە.

 

سەرپەیڤ