وڵامی توندی روسیا بە ئەمریکا سەبارەت بە چین
دەسەڵاتدارانی روسیا رایانگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا شکستدەهێنێت لە هەوڵدان بۆ تێکدانی نێوانی هەریەک لە مۆسکۆ و پەکین، جەختیشیکردەوە پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا لەسەر بنیادی هاوبەشییەکی تایبەتە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ماریا زاخارۆڤا رۆژی هەینی لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای دایەوە سەبارەت بە بانگهێشتکردنی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانییەک دژ بە چین.
زاخارۆڤا سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەو بانگهێشتەی ئەمریکا و رایگەیاند "زمانی زبر و وتەی نەشیاو بوەتە شتێکی ئاسایی لە وتاری سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان سەبارەت بە کۆماری چین و سیستمە کۆمەڵایەتییەکەی".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گرژییەی واشنتن لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکین دروستیدەکات تەنها زیان بەو دو وڵاتە ناگەیەنێت، بەڵکو بە شێوەیەکی گەورە سەختیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستدەکات.
رونیشیکردەوە، ئەمریکا و چین کە ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەردوکیان بەرپرسیارن لەئاست گرەنیتکردنی سەقامگیریی نێودەوڵەتی و جیهانی.لە بەشێکی وتەکانیدا باسی لەوەشکرد، لێدوانەکەی پۆمپیۆ سەبارەت بە ئەگەری دروستکردنی هاوپەیمانییەک لەگەڵ مۆسکۆ دژ بە چین، وتەگەلێک و هەوڵی لاوازە بۆ تێکدانی هاوپشکییەکانی نێوان روسیا و چین.