تشرینی یه‌که‌م 09, 2020 14:40 Asia/Tehran
  • «ھینری کیسینجێر »باسی نزیک بوونەوەی کاتی شەڕی سێھەمی جیھانی دەکات

«ھینری کیسینجێر » وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری ئه‌مریکا لە بارەی سەرھەڵدانی شەڕێکی سێھەمی جیھانی وشداری بە ئەمریکاو چین دەدات.

کۆنە وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا «ھینری کیسینجێر» بە واشێنگتۆن و پیکەنی ڕاگەیاندووە که:‌ پێویسته‌ هه‌ردوولا سنوورێک بۆ گرژییه‌کانی نێوانیان دابنێن و بیر له‌ ڕێگه‌چاره‌ی ئاشتیانه‌ بکه‌نه‌وه‌، ئەگینا دنیا شەڕێکی تری جیهانی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت.

«ھینری کیسینجێر» له‌میانه‌ی قسه‌کردنی بۆ ئاژانسی بلومبێرگی ئه‌مر‌یکی گوتیشی:  له‌و بڕوایه‌دام ئێسته‌ جیهان له‌ نێو شەڕێکی ساردی دیکەدایه‌ و ئه‌گه‌ریش گرژییه‌کان زیاتر بن و ناکۆکییه‌کان زۆرتر قووڵ ببنه‌وه‌، ئه‌وا به‌ دووری نازانم شەڕێکی تری جیهانی سەرھەڵبدات و دیارە‌ چین و ئه‌مه‌ریکا هه‌ڵگیرسێنه‌ری سه‌ره‌کیش ده‌بن.

کۆنە وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا  جەختی لەوەش کردەوە، ڕه‌نگه‌ زۆرێک بڵێن که‌ ئه‌مه‌ کارێکی مه‌حاڵه‌، به‌ڵام پێویسته‌ به‌ وردی له‌وه‌ بگه‌ین که‌ ململانێی ئێستای نێوان ئە‌مریکا و چین ته‌نیا له‌ ڕووی سیاسی و ژیۆپۆله‌تیکه‌وه‌ نییه‌، بگره‌ له‌سه‌ر ته‌کنه‌لۆژیا و پێشڤه‌چوون و داهێنانه‌کانیشە‌، که‌ ئه‌مه‌ بنه‌مای هه‌ردوو وڵاتە، بەم پێیە ده‌کرێ له‌سه‌ر سیاسه‌ت گرژی دروست ببێ و دواتر هێوربوونه‌وه‌ بێته‌ دی، به‌ڵام له‌سه‌ر تۆمه‌تبارکردنی یه‌کتر به‌ دزینی داهێنانه‌ ته‌کنه‌لۆژییه‌کان، ئه‌مه‌ کارێکی ئاسایی و ئاسان نابێت.

«ھینری کیسینجێر» له‌ به‌شێکی تری قسه‌کانی دا وتی: پێویسته‌ ئه‌مریکا به‌ ڕوونی له‌وه‌ تێ بگات که‌ جیهانی یه‌ک جه‌مسه‌ری کۆتایی هاتووه‌، نه‌ ئه‌مه‌ریکا و نه‌ هیچ وڵاتێکی تری دنیا له‌ جیهانی ئێستادا‌ ناتوانن هه‌ژموونیی خۆیان به‌سه‌ر جیهاندا بسه‌پێنن و له‌ هه‌مان کاتیش دا پێشه‌نگی ئابووری بن له‌ ئاستی جیهان دا.

سەرپەیڤ